رانیا ریاز: درامای سووری لەسەر نەمانی چەند ناوێك پەكی ناكەوێ
رووداو - هەولێر
رانیا ریاز یەكێكە لە ئەكتەرە گەنجەكانی درامای سووری و لەدایكبووی دیمەشقە. ساڵانێكە پێی ناوەتە جیهانی دراما و رۆڵی سەرەكی لە چەندین درامای سووریدا بینیوە وەك "بقعە الچوو – رجال الفرقان- قنادیل العشاق"
رانیا دەرچووی كۆلێژی مافە، شووی كردووە، بەڵام جیابووەتەوە و كوڕێكی هەیە. لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی ژیانی خۆی و كارە هونەرییەكانی دەكات.
رووداو: میدیایەكی كوردی هەڤپەیڤینت لەگەڵ دەكات، رەنگە خوێنەرانی حەز بكەن شتێك دەربارەی خۆت یان كارە هونەرییەكانت بزانن، چۆن باسی خۆت و كارەكانت دەكەی؟
رانیا: یەكەم ئەزموونی هونەریم لە درامای "رجال ئەلفورقان" بوو كە لە جەزائیر وێنەی گیرا. دواتر لە درامای "حاڕەت ئەلئەسیڵ" لەگەڵ دەرهێنەر محەممەد مەعروف. دواتر لە دراماكانی "الخان، عابر الژباب، بقعە الچوو، غبار الجوری و قنادیل العشاق" كارم كرد كە بەشێكیان لە دەرهێنەری بەناوبانگ سەیفەددین سوبەیعین.
رووداو: لە هەنگاوی یەكەمی كاری هونەریتدا، بەرچاوترین ئاستەنگ چی بوون هاتنە رێت؟
رانیا: هەموو پیشەیەك پێوەری خۆی هەیە و كاری هونەریش پێوەری تایبەتی خۆی هەیە كە رێخۆشكەرە بۆ ئەوەی داهێنانی راستەقینە بكەیت. جگە لەم پێوەرانە كە بەردەوام كارم لەسەر كردوون، رێگەم نەداوە هیچ شتێك ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم كارەكەمدا.
رووداو: كام دراما بووە هۆی درەوشانەوە و ناساندنی تۆ بە بینەران؟
رانیا: جیاوازیی كارەكان و ئەو رۆڵانەی بینیومن، كاریگەرییان لەسەر دەروونی هەوادارانم جێهێشت و بوونە هۆی ئەوەی ئەستێرەم بدرەوشێتەوە. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پێموایە درامای "بقعە الچوو" رێگای ناسراو بوون و بەناوبانگبوونی بۆ كردمەوە.
رووداو: چ شتێك كاریگەری لەسەر تۆ هەبوو، بۆ ئەوەی بچیتە نێو جیهانی هونەری؟
رانیا: شانۆ، ئەو سیحرە بوو كە وای لێكردم عاشقی هونەر ببم. بەردەوام بیرم لە كاری نواندن دەكردەوە بەشێوەیەكی زیندوو بەرامبەر خەڵك. بیرم لەوە دەكردەوە تواناكان و بەهرەكانم بەجوانترین شێوە نمایش دەكەم، بەڵام شاشە منی لە شانۆ دوورخستەوە. لە كاتێكدا بەردەوام وانەم وەردەگرت لەسەر چۆنیەتی نواندن لەسەر شانۆ. ئەمەش هۆكارێكی باش بوو بۆ ئەوەی لەسەر شاشە دەركەوم.
رووداو: حەز لە چ جۆرە رۆڵێك دەكەی؟
رانیا: هەموو رۆڵێك پێگە و قورسایی خۆی هەیە. دەخوازم بەشداری لە درامایەك بكەم رۆڵی نواندنەكەم دوو لایەنە بێت.
رووداو: وەك ئەكتەرێك هەموو رۆڵێك قبوڵ دەكەیت پێت بدرێت، بۆ نموونە رۆڵێك ماچ و راموسانی تێدابێ؟
رانیا: رامووسان وەك دەستەواژەیەكی زانستی لە فەرهەنگی ئەكادیمی هونەریدا بوونی نییە. هەندێك رۆڵ هەیە پێویستی بە هۆشیاری و زانین هەیە. من تەنیا حەز دەكەم بەشداری كارێكی سەنگین بكەم.
رووداو: سنوورە هونەرییەكانی رانیا ریاز چین؟
رانیا: هەموو بەهاكانی جوانی و خێر و خۆشی و حەقبێژی. هونەریش پەیامێكی پڕ بەهای مرۆییە بۆیە هونەر سنووری نییە بەڵكو داهێنانە و پێویستی بەخۆگونجاندن و ئاوێتەبوون هەیە لەگەڵ دەقەكان و لەگەڵ تیمەكانی كاركردن كە دەتوانن پەیامەكە بگەیێنن. بەمەش بیرۆكەی روون رێگە خۆش دەكات بۆ فراوانبوونی ئاسۆكان.
رووداو: بەدواداچوون بۆ هونەر و كولتووری كوردی دەكەیت؟
رانیا: میدیای جیهانی دەرفەتمان پێدەدات ئاگاداری هەموو جۆرە ئەزموون و چالاكییەك بین و بیرۆكەیان لێ وەربگرین.
رووداو: پێشەنگی تۆ بۆ هونەر كێیە؟
رانیا: سوود لە هەموو جۆرە ئەزموونێك وەردەگرم، بەتایبەتی كارەكانی خانمە ئەكتەرەكانی ناوخۆی سووریا، هەروەها عەرەبی و جیهانیش.
رووداو: تا چەند درامای سووری كەوتووەتە ژێر كاریگەریی قەیرانی سووریا، بەتایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئەكتەرەكان روویان لە دەرەوەی وڵات كردووە؟
رانیا: تا راددەیەك كاریگەری هەبووە، بەڵام توانای ئەكتەرە گەنجەكان و روخسارە نوێیەكان، خەریكە بۆشاییەكە پڕ دەكاتەوە و شاكاری جوان پێشكەش دەكەن و ئەزموونی باشیان هەیە. هونەری سووری بەهۆی نەبوونی چەند ناوێكەوە پەكی ناكەوێ. ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، چونكە وەكو كانیاو وایە و هیچ كاتێك بەبێ داهێنان نامێنێتەوە.
رووداو: هەندێك زنجیرە دراما وێڕای ئەوەی بازرگانین، بەڵام ناوبانگێكی زۆریان بەدەستهێنا. ئەگەر داوایان لێكردیت، تێیدا بەشدار دەبیت؟
رانیا: بێگومان نەخێر.
رووداو: دەكرێ باسی ژیانی تایبەتی خۆت بكەی؟
رانیا: من كوڕێكم هەیە بەناوی عەلی، بەڵام لەگەڵ هاوژینەكەم نەگونجاین و جیابووینەوە. ئێستاش هیچ پیاوێك لە ژیانی مندا نییە.