جوان حاجۆ بۆ رووداو: لە دوو هەفتەی داهاتوودا ئەلبوومە نوێیەكەم بڵاودەكەمەوە
رووداو- هەولێر
تەمەنی بەرەو هەڵكشان دەچێ، بەڵام هێشتا بەشی ئەوەی ئینێرجی هەیە كە زوو زوو ئەلبوومێكی گۆرانی تۆمار بكات و كۆنسێرت بكات، جوان حاجۆ، كارەكانی دوایین ئەلبوومی تەواو كردووە و بەنیازە لە دوو هەفتەی داهاتوودا بڵاوی بكاتەوە، بەڵام پشوو نادات، خۆی ئامادە دەكات بۆئەوەی پایزی ئەمساڵیش ئەلبوومێكی دیكە تۆمار بكات.
جوان حاجۆ، 61 ساڵ، لە شارۆچكەی تربەسپیی رۆژئاوای كوردستان لەدایك بووە، ساڵی 1979 زێدی خۆی جێهێشتووە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە. تەمەنی 17 ساڵان بووە كە لە شوێنی گشتی گۆرانی گوتووە و تاوەكو ئێستا 15 ئەلبوومی بڵاوكردووەتەوە، لە دوو هەفتەی داهاتوودا، 16یەمین ئەلبوومی خۆی بڵاودەكاتەوە.
جوان لە رێگەی واتسئەپەوە، زانیاری لەبارەی ئەلبوومەكەی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی: "ئەلبوومەكەم ناوی فەلەكە و لە 12 تراك پێكهاتووە، لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەشێوەی دیجیتاڵی بڵاوی دەكەمەوە".
یەكەم ئەلبوومی خۆی ساڵی 1970 بەناوی (ئەمینە ئەمینە) بڵاوكردووەتەوە، دوایین ئەلبوومیشی كە لە ساڵی 2012 بڵاوی كردەوە "ڤەگەڕ" بوو، لە كاتی شەڕی داعشیشدا گۆرانییەكی بۆ پێشمەرگە كلیپ كرد.
جوان حاجۆ ماوەی ساڵێك خەریكی ئەلبوومی فەلەك بووە كە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری بوو، ئەو ئاشكرای كرد كە یەكێك لە تراكەكانی ئەلبوومەكەی گۆرانییەكە بۆ شەهید شیفا گەردی كە لە 25/2/2017 لە مووسڵ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی داعشەوە شەهید بوو.
حاجۆ گوتی: "بە شەهیدبوونی شیفا زۆر دڵگران بووم، شەهید شیفا بوو بە سیمبولی شەهیدان، شەهیدبوونەكەی لە جیهاندا دەنگی دایەوە، ئێستا زۆر ئاسوودەم كە لە ئەلبوومە نوێیەكەمدا گۆرانییەكەم بۆ ئەو گوتووە". تێكستی ئەو گۆرانییە جانۆ شاكر نووسیویەتی. جوان دەڵێت بەنیازە بەم نزیكانە بگەڕێتەوە باشووری كوردستان و گۆرانییەكەی شەهید شیفا كلیپ بكات.
جوان حاجۆ شەڕڤانە شەهیدەكانی رۆژئاوای كوردستانیشی لەبیر نەكردووە و لە ئەلبوومە نوێیەكەیدا گۆرانییەكی بۆ شەهید ئارین میركان گوتووە. ئارین كە ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی یەكینەكانی پاراستنی گەل بوو، رۆژی 5ی تشرینی یەكەمی 2014 لە هێرشێكی خۆكوژیدا لە گردی مشتەنور، زیاتر لە 70 چەكداری داعشی كوشت.
جوان حاجۆ 39 ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لەوێ بۆ ماوەی سێ ساڵ لە زانكۆی بوخوم، مۆسیقای خوێندووە و كەوتووەتە ژێر كاریگەریی میوزیكژەنانی ئەڵمان. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە بە مۆسیقای فۆلكلۆری كوردی و بە تایبەتمەندیی مۆسیقای پۆپ و رۆكی ئەوروپی، شێوازێكی تایبەت بەخۆی دابهێنێ.
سەبارەت بە جیاوازیی ئەم ئەلبوومەی لەگەڵ ئەلبوومەكانی رابردوو جوان حاجۆ گوتی: "زۆر جیاوازە، هەموو كەسێك خۆی تێدا دەبینێتەوە، كلاسیك، مۆدێل، لە ریتمەكان ئەرەبێسك، رۆك، پۆپ، جاز، هەمووی تێدایە". هەروەها گوتی: "ئەلبوومەكە بەشێوەی دیجیتاڵی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بڵاودەكەینەوە، تەنیا 500 دانە سیدی لێ كۆپی دەكەم، ئەویش بۆ دیارییە".
جوان حاجۆ لەبارەی هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكەی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەڵێت: "شتێك نییە بەناوی بازاڕی میوزیكی كوردی، بزنسی میوزیكی كوردی یەكسانە بە سفر".
حاجۆ لە ساڵی 2004 رێگەی پێدرا كۆنسێرتێك لە شاری باتمان لە باكووری كوردستان ساز بكات، نزیكەی 200 هەزار كەس ئامادەی بوون. حاجۆ كۆنسێرتی كەمن، بۆ هۆكارەكەشی دەڵێت "كورد هێشتا فێری كۆنسێرت نەبووە".
جوان حاجۆ دوێتێكی لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژی تورك هۆلیا ئەفشار هەیە، سەبارەت بە ئەگەری دووبارەكردنەوەی ئەو ئەزموونە گوتی، لە ئەلبوومە تازەكەیدا دوێتێكی هەیە، بەڵام ئەمجارەیان لەگەڵ هۆلیا نییە، بەڵكو لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژێكی دیكەی توركە بەناوی "بیلگە". حاجۆ گوتی: "بەڕێوەبەری كارەكانم پێشنیازی ئەو خانمەی بۆ كردم و گوتی هونەرمەندێكی زۆر باشە، هەر واش دەرچوو، چونكە ئەو هەرچەندە كوردی نەدەزانی، بەڵام تێكستی گۆرانییەكەی بە كوردی زۆر بە جوانی گوتەوە، بە ڕاستی زۆر سەرسامی كردم".
جوان ساڵی 1999 لەگەڵ خانمێكی ئایسلەندی هاوسەرگیری كردووە، خاوەنی دوو كچن بەناوەكانی لۆرین و رۆزا. ئەو كە بە گۆرانیبێژی سروودە نیشتمانییەكان ناسرابوو، دوای هاوسەرگیری گۆڕانكارییەكی زۆر بەسەر ئاواز و تێكستی گۆرانییەكانیدا هات. ئەو لەوبارەیەوە پێشتر گوتوویەتی: "ئێمەی كورد بەشێوەیەكی سەرەكی گۆڕاوین، جاران شەڕمان دەكرد، بەڵام ئەمڕۆكە پێویستمان بە ئامرازی دیكەیە. ئێمە دەبێ سوود لە كولتوور ببینین. پێویستمان بە فیلمی چاك، موزیكی چاك و شانۆی چاكە. پێویستە بیسەلمێنین كە ئێمە دەتوانین باسی خۆشەویستی و سێكسیش بكەین، نەك هەر سیاسەت".
هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێكی بیانی و بوون بە باوكی دوو كچ، هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی ژیانی تاراوگەنشینی هەڵبژێرێ و نەگەڕێتەوە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەو دەڵێت یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی نەگەڕانەوەی "سیاسەت" بوو. جوان حاجۆ دەڵێت: "من كاتێك هەڵەی سیاسەتمەدارێكی كورد دەبینم، ناتوانم قسە نەكەم. دەبێ بڵێم كەركووك و عەفرین بەهۆی هەڵەی سەركردەكانی كوردەوە لەدەست چوون. لە دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا بپرسن، جوان حاجۆ بۆچی ناگەڕێتەوە؟".
گوتیشی: "زۆر بیری تربەسپی دەكەم، سەد لە سەد حەز دەكەم بگەڕێمەوە، بەڵام لێرە ژیانێكی دیكەم دروستكردووە. جگە لەوە من توانیم لەگەڵ باكوور و باشووری كوردستان پەیوەندی دروست بكەم، بەڵام نازانم بۆ ئەو تێكەڵییە لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان دروست نەبوو".
جوان حاجۆ پێیوایە رەوشی هونەر لە رۆژئاوای كوردستان خراپە و دەڵێت: "خەڵك ئێستا تاقەتی هونەری نەماوە، خەڵك لەنێو شەڕدایە، لە كاتی شەڕدا بەهای میوزیك سفر دەبێ، مرۆڤ لەوێ ئێستا بەدوای ناندا دەگەڕێ، نەك گۆرانی".
جوان بەو تەمەنەوە هێشتا پشوو نادات و دەڵێت: "هەرچەندە كارم كەم بووە، بەڵام هێشتا تاقەتی كاركردنم ماوە، بەنیازم پایزی ئەمساڵ دەست بە تۆماركردنی ئەلبوومێكی نوێ بكەم".