پۆستەری 'Joker 2' بڵاوکرایەوە و بەرهەمهێنەرانی چاویان بڕیوەتە سەرکەوتنێکی دیکە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی "Joker" کە بەناوی "Joker: Folie à Deux"یە، کۆمپانیای وارنەر برۆس، پۆستەری فەرمیی فیلمەکەی بڵاوکردەوە.
بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکە، ئامادەکارییە بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکە لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا.
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "Joker" لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمەیە کە داهاتی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکییە، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنیا 55 ملیۆن دۆلارە.
لە بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەک لە خواکین فێنێکس و لەیدی گاگا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وێنەگیراوە، بەهۆی ئەوەی ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاری لێخۆشبوونی باجی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بە بڕی 12.6 ملیۆن دۆلار دا.
"Joker" لە جۆری فیلمی دەروونیی ھەستبزوێنە، لە 2019 بڵاوکرایەوە، لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی تۆد فیلیپسە و لەگەڵ سکۆت سیلڤەریشدا سیناریۆکەی نووسیوە.
فیلمەکە لەبارەی جۆکەرە و چیرۆکی بنەچەیی کارەکتەرەکە دەخرێتەڕوو و رووداوەکانی لە 1981 روودەدەن.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 76مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیز لە 31ـی ئاب 2019 پێشاندرا، خەڵاتی شێری زێڕینی بەدەستهێنا و لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا.
'Joker'، لە 92مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، بۆ 11 خەڵات بەربژێر بوو و توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و خەڵاتی باشترین میوزیکی وێنەیی بەدەستبێنێت.