لارا دزەیی دیزاینی جلی 'دەستووری دزەیی' بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لارا هۆمەر دزەيی یەکەمین ديزاينی بەناوی 'دەستوری دزەيی' لە کۆلێکشنی نوێی 'زەريا' بڵاوکردەوە و چەند دێرە شیعرێکیش لەسەر کۆڵێکشنەکە دەنووسێت.
لارا هۆمەر دزەیی، بەڕێوەبەری داهێنەرانەی ئۆوت کیتووەر فیوچەری کوردی و کچی هونەرمەند هۆمەر دزەیییە، لە شاری ڤیەنای نەمسا لە دایکبووە و لە ئەمریکا گەورە بووە، دەرچووی زانکۆی جۆرج مەیسنە لە بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و 15 ساڵە گەڕاوەتەوە کوردستان.
دوای سەرکردایەتیکردنی ژمارەیەک کۆمپانیا و کاری جیاواز و کارکردنی لە کەرتی نەوت و غاز بۆ زێتر لە 12 ساڵ، بڕیاریداوە وەک خولیایەک، پەرە بە دیزاینی جلی کوردی بدات و بیگەیەنێتە کوالێتییەکی بەرز و بیکاتە براندێکی جیهانی. لارا، بە رووداوی گوت: "دەیەوێت هەموو دنیا جوانیی کولتووری کوردی ببینێت".
هەروەها دەڵێت: "هۆشیارانە قوماش و کەرەستە هەڵدەبژێرم و دیزاینی هەر جلێک بکەم، رێک بۆ کەسەکە دەبێت".
لارا ماڵپەڕێکی تایبەتی بە دیزاینی جلەکانی کردووەتەوە و تا ئێستا چەندین کۆڵێکشنی نوێ و سەرنجڕاکێشی کوردی بڵاوکردوونەتەوە، دوایین دیزاینی 'دەستووری دزەیی'یە لە کۆمەڵە دیزایینی زەریا.
لارا دزەیی، لەوبارەوە بە رووداوی گوت: "بۆیە ناوم ناوە زەریا، چونکە زەریا قووڵە و دیزاینەکەش وەک زەریا قووڵ و سەرنجڕاکێشە. کۆڵێکشنی زەریا هەر کەسێک سەیری بکات لەخۆی نزیکی دەخاتەوە".
لارا دزەیی لەسەر دیزاینی 'دەستووری دزەیی' لە کۆڵێکشنی 'زەریا'، ئەم پارچە هۆنراوەیەی نووسیوە:
لێت ناگرم کە چەند سەربەرز و شانازی
چونکە ھەقتە بەم نیشتمانە بنازی
لێت ناگرم کە چەند بەلەنجە و لاری
چونکە رۆڵەی خاکی رەنگینی کوردەواری