داهاتی هۆلیوود بەراورد بە 2022 زیادیکردووە و بەراورد بە 2021 کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
داهاتی سینەمای هۆلیوود لە 2023ـدا زیاتر لە نۆ ملیار دۆلاری ئەمریکییە، بەمەش داهاتی بە بەراورد لەگەڵ 2022 زیادیکردووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ 2021، داهاتی دوو ملیار دۆلار کەمیکردووە.
لە دوایین هەفتەی 2023ـدا فیلمی 'Wonka' توانی لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا بمێنێتەوە، ئەویش بە کۆکردنەوەی 384 ملیۆن و 166 هەزار دۆلار.
'Wonka' فیلمی میوزیکئامێزە و لەم چەند ساڵەی دواییدا فیلمە میوزیکئامێزەکان، بازاڕیان باش نەبووە، بۆیە کۆمپانیای وارنەر برۆس گۆرانی و سەمای لە فیلمی 'Wonka' کەمکردووە.
داهاتی یەکەم هەفتەی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 41 ملیۆن دۆلار بوو، ئەمەش دەستپێکێکی بەهێز بوو بۆ فیلمێک لە کۆتایی 2023ـدا تۆماری بکات.
تیمۆسی چەلامێت، ئەکتەری ئەمریکی – فەرەنسی و ویلی ونکا رۆڵی سەرەکی لەم بەرهەمەدا دەگێڕن. چەلامێت (27 ساڵ) لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی گێڕاوە و فیلمی 'Dune' کە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، لە 2021 بڵاوکرایەوە.
بودجەی بەرهەمهێنانی 'Wonka' نزیکەی 125 ملیۆن دۆلارە، لە چوار هەزار و 203 سینەمای ئەمریکا و کەندا پێشاندراوە و بە یەکەم بەرهەمی هۆلیوود هەژمار دەکرێت کە لە دوای کۆتاییهاتن بە مانگرتنی نووسەران و ئەکتەرانی ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە.
چەلامێت توانی ئەو بینەرانە بەلای خۆیدا رابکێشێت کە تەمەنیان کەمە، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە و 36٪ بینەرانی پێک دێنێت و 51٪ـی بینەرانی نێرن و 49٪ـی مێن.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی سینەماکان لە 2022، سینەمای هۆلیوود زیانێکی زۆری بەرکەوت، لەو ساڵەدا پێشوازییەکی بەرچاو لە پلاتفۆرمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان کرا، پێشوازی بینەران لەو پلاتفۆڕمانە لە دوای کاریگەرییەکانی کۆرۆناش، بەردەوامە، ئەمەش کاریگەری کردووەتەوە سەر چوونی بینەران بۆ سینەماکان.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمی داهاتی سینەمای هۆلیوود، مانگرتنی ئەکتەر و نووسەرانی هۆلیوود بوو کە بەهۆیەوە چەندین پڕۆژەی سینەمایی دواخران و بڵاوکردنەوەی بەشێک لە فیلمە بەهێزەکانی 2023 بۆ 2024 دواخران.
مانگرتنی هەردوو سەندیکای سیناریۆنووسانی ئەمریکا و سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، یەکەم مانگرتنی دوو سەندیکا بوو لە 2023 لە یەک پیشەسازیدا لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا.
لە 2023 ئەکتەرانی هۆلیوود لەگەڵ کۆتاییهاتنی گریبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، داوای راگرتنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و دادپەروەری و زیاکردنی کرێی کارکردنیان کردبوو، دواتر لە رێگەی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە و سەندیکای نووسەران لە ئەمریکا رێکەوتن کرا و ئەکتەر و نووسەران گەڕانەوە سەر کارەکانیان، بەڵام بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر هۆلیوودی گەورەترین بازاڕی سینەما لە جیهاندا کەوت.
دوایین جار ئەکتەرانی سینەما و تەلەفزیۆنی لە 1980 بۆ ماوەی سێ مانگ مانیان گرت، هەرچەندە لەو کاتەوە ئەکتەرانی بواری ریکلام دوو جار مانیان گرتووە.
نووسەران لە ئەمریکا؛ رۆبۆتی 'ChatGPT'کە ئێستا وەک ئەپلیکەشین لە نێو مۆبایلەکاندا هەیە، بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئایندەی کارەکەیان دەیزانن، هەندێک لە نووسەرانی نێتفلێکس و دیزنی دانیان بەوەدا ناوە، دەکرێت رۆبۆتەکە بتوانێت چیرۆکی سەرەتایی بنووسێت، کۆمپانیاکانیش تەنیا بۆ پێداچوونەوە سوود لە توانای نووسەرەکان وەردەگرێت.
مانگرتنی هەردوو سەندیکاکە لە 2023، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنی هەبووە.
سەندیکای ئەکتەرانی شاشە کە 160 هەزار ئەندامی هەیە، پاڵپشتی ئەو مانگرتنەی کردبوو و داوا لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی کردبوو، داواکارییەکانی ئەکتەرە مانگرتووەکان لەبەرچاو بگرن.
دوایین جار ئەکتەرانی سینەما و تەلەفزیۆنی لە 1980 بۆ ماوەی سێ مانگ مانیان گرت، هەرچەندە لەو کاتەوە ئەکتەرانی بواری ریکلام دوو جار مانیان گرتووە.