شەیدا گۆرانییەک لە تێکستی براکەی سەفقان ئۆرکێش بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند شەیدا، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'گولا مالێ' بڵاوکردەوە کە براکەی هونەرمەند سەفقان ئۆرکێش تێکستەکەی نووسیوە.

گۆرانی 'گولا مالێ' لە ئاوازی شەیدایە، عامر حەسەن کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی شەیدا بڵاوکراتەوە و لە دەرهێنانی هۆگر هادییە.

هونەرمەند شەیدا بە رووداوی راگەیاند، ئاوازی گۆرانییەکەی بەشێوەی کلاسیک ئامادە کردووە و هەریەک لە هونەرمەندان محەممەد عەلی شاکر، محەممەد شێخۆ، تەحسین تەنها و ئەیاز زاخۆیی بەبیر خۆی هێناوە و ئاوازەکەی داناوە.

لەم بەرهەمەدا سێوی مێخەکڕێژ بەدی دەکرێت کە کولتوورێکی کوردییە و مێژووییەکی دێرینی هەیە و بە گوتەی ئەوانەی هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو کولتوورە دەدەن، مێژووەکەی بۆ چوار بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێننەوە و لەو سەردەمەدا کاتێک دوو کەس یەکدیان خۆشویستووە، بەم جۆرە سێوە خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکدی دەربڕیوە.

شەیدا ناوی تەواوی ئەحمەد رەمەزانە، ساڵی 1971 لە شاری عاموودای رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانییە و چەندین ڤیدیۆکلیپە.