قەیس زوبێدی دەرهێنەری عێراقی کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
هونەرمەند ناسر خەزعەل هەواڵی کۆچی دوایی قەیس زوبێدی، دەرهێنەری عێراقی بڵاوکردەوە.
 
بەپێی ئەو هونەرمەندە عێراقیە، قەیس زوبێدی پێش دوو رۆژ و لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە.
 
زوبێدی لە عێراق و ئەڵمانیا ژیاوە، لە ژیانی هونەریی خۆیدا کاری لەسەر مژاری جیا جیای سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە، بەتایبەتیش لەبارەی فەڵەستین.
 
هەواڵی کۆچی دوایی زوبێدی، لە لایەن ناسر خەزعەل، هونەرمەندی عێراقی راگەیێندرا کە لە 29ـی تشرینی دووەمی 2024 لە بەرلینی ئەڵمانیا کۆچی دواییکردووە.
 
قەیس زوبێدی لە 1939 لە بەغدا لەدایکبووە، بۆ خوێندن روو دەکاتە ئەڵمانیا و لەو کاتەدا هۆگری سینەما دەبێت. لە 1964 دیبلۆمی لە مۆنتاژ و لە 1969 دیبلۆمی لە وێنەگرتن بەدەستهێنا.
 
وەک دەرهێنەری بەڵگەفیلم ناسراوە، لە هەمانکاتتدا کاری دەرهێنانی بۆ چەند فیلمێکی درێژ و کورتە فیلمێک کردووە؛ لە ئەڵمانیا، سووریا، لوبنان، تونس و فەڵەستین کاری کردووە و نووسەری چەند کتێبێکە.
 
ئەو دەرهێنەرە لە رێگەی چەندین فیلمەوە، باسی لە پرسی فەڵەستین کردووە، لە 1969 فیلمێکی بەناوی "لە دووری وڵاتەوە" بەرهەمهێنا کە باس لە دۆخی پەنابەرانی فەڵەستینی لە کەمپەکاندا دەکات.