رووسیا هۆڵەکانی سینەما دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ڤایرۆسی کۆرۆنا ئیدی نەیتوانی رووسەکان لە هۆڵەکانی سینەماکانیان بۆ زیاتر لە چوار مانگ دووربخاتەوە. لە مۆسکۆ، زنجیرە هۆڵەکانی سینەمای کارۆ، دەرگەکانی بەڕووی خەڵکدا کردەوە.
 
ئۆلگا زنیاکۆڤا، سەرۆکی زنجیرە سینەماکانی کارۆیە لە مۆسکۆ، دەڵێت، "لەمڕۆ یەکشەممەوە، 10 فیلمی نوێ نمایش دەکەین و لە کۆتایی ئەم مانگە، تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول، چەندین فیلمی بەناوبانگی رووسی نمایش دەکەین".
 
بەشێک لە هەوادارانی سینەما لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگەی هۆڵە سینەماییەکان سەردانی هۆڵەکانیان کرد. یەكێک لەوانەی چووەتە هۆڵی سینەماکانی کارۆ دەڵێت، "ئێمە لە مانگی ئادارەوە لەڕادەبەدەر چاوەڕێی ئەم ساتە بووین کە سینەماکان بکرێنەوە و فیلم ببینین".
 
رووسیا بە زیاتر لە 850 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە ریزی چوارەمی وڵاتانی جیهاندا دێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاردراوە لە یەکەم رۆژی مانگی ئابەوە، سینەما و شانۆکان بە مەرجی پەیڕەوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، بکرێنەوە.
 
بەهۆی ترسی خەڵک لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، سینەماکان ئەو قەرەباڵخییەی جارانیان پێوەدیار نییە، کارمەندێکی هۆڵەکە ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو شتێک باش رێکخراوە، بەڵام بەداخەوە هۆڵەکە پڕ نەبووە و خەڵک هێشتا دەترسێت".
 
لە سەرانسەری رووسیا زیاتر لە هەزار و 227 هۆڵی سینەما و 346 تەختی شانۆ هەن و چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەموویان بکرێنەوە و قەرەباڵخی ساڵانی رابردوو بەخۆیان ببیننەوە.