جەمشید: دەمانەوێت لەڕێی هونەرەوە دەنگی كورد بگەیێنین

رووداو- هەولێر

هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان جەمشید موقەدەم، كە یەكێكە لە بەشداربووانی بەرهەمەكانی سەمفۆنی و کۆراڵی پێشمەرگە و شنگال، دەڵێت "دەمانەوێت لەڕێی هونەرەكەمانەوە ئازار و مەینەتی گەلی كورد بە جیهان و نەتەوەكانی دیكە بگەیێنین و پشتگیری پێشمەرگە بكەین".


لە رۆژی هاوپشتیکردنی شنگال لە یەکەمین ساڵیادی شەڕی داعش و کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لە دەڤەری شنگال (تۆڕی میدیایی رووداو) دوو بەرهەمی سەمفۆنی و کۆراڵی پێشمەرگە و شنگالی هونەرمەندی نێوداری کورد دڵشاد محەممەد سەعید نمایش دەکات، کە ئۆرکێسترای نیشتیمانی چیک و ژمارەیەک هونەرمەندی گۆرانیبێژی هەموو بەشەکانی کوردستان تێیدا بەشداردەبن.

130 هونەرمەندی کۆرال لەو سیمفۆنیایە بەشدارن کە 13 هونەرمەندی ناسراوی پارچەکانی کوردستانیان تێدایە لەوانە نارین فە‌قێ، عەمار کوفی، هانی، خێرۆ عەباس، جەمشید، شڤان پەروەر، حەسەن شەریف، محەممەد تەها ئاکرەیی، ئەیوب عەلی و ژمارەیەك گۆرانیبێژێکی ناسراوی دیکە.
 
كۆنسێرتەكە ئێوارەی شەممە یەکی ئاب كاژێر 7ی ئێوارە لە هۆڵی ئەنستیتۆتی كەلپووری كورد لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە لە سلێمانی و رۆژی یەكشەممەش لە هەولێر سازكرا، سبەی دووشەممەش  لە دهۆک سازدەکرێت.