گۆنول دیلان گۆرانییەکی سەعید یوسف دەڵێتەوە

رووداو - ئیستەنبووڵ

گۆنول دیلان، خانمە گۆرانیبێژی باکووری کوردستان، گۆرانییەکی سەعید یوسف، گۆرانیبێژی کۆچکردووی رۆژئاڤای کوردستان دەڵێتەوە.

گۆنول دیلان بە رووداوی راگەیاند، بەر لە سێ مانگ کاتێک ئامادەکاری بۆ ئەلبوومە نوێیەکەی دەکرد، بڕیاریدا گۆرانییەکی هونەرمەند سەعید یوسف بڵێتەوە و بەم بەرهەمە یادی دەکاتەوە، گوتیشی سەعید یوسف جێگەیەکی تایبەت لە دڵی ئەودا هەیە".

گۆرانییەکە بەناوی "ئیشەڤ شەڤکا بارانێ"یە و لە تێکست و ئاوازی هونەرمەند سەعید یوسف و پێشتر بە دەنگی ئەو تۆمارکراوە.

گۆنول دیلان، بە گرنگی دەزانێت بەرهەمی هونەرمەندانی پێشووی کورد دووبارە بگوترێنەوە، بەڵام بە گوتەی ئەو رێگە نادرێت ئەوان گۆرانی هەموو هونەرمەندێک بڵێنەوە و مۆڵەتیان پێنادەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایریۆسی کۆرۆنا ناتوانن کۆنسێرت و چالاکی ئەنجام بدەن، بەڵام هەوڵیداوە لەرێگەی کەناڵی تایبەتی لە یوتیوب و هەژماری لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بەرهەمی نوێ بۆ هۆگرانی بڵاوبکاتەوە.

سەعید یوسف، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، لە تەمەنی 73 ساڵیدا، لە 26 شوباتی 2020 لە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ کۆچی دواییکرد.

گۆنول دیلان ساڵی 1991 لە ئامەدی باکووری کوردستان لە دایکبووە، ئێستا لە ئیستنەبووڵ دەژی و بە زمانی کوردی و تورکی گۆرانی دەڵێت. گەردەنزەر، دلدارۆ، دەرێ مالێ و دیاربەکریم لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی ئەو هونەرمەندەن.