بەهرام رادان پەیامێک ئاڕاستەی هۆگرانی فیلم لە هەرێمی کوردستان دەکات

رووداوی دیجیتاڵ

بەهرام رادان، ئەستێرەی نێوداری سینەمای ئێران، ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمی سینەمایی 'پشیلە رەش'، وەک ئامادکارییەک بۆ پێشاندانی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی تایبەتی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی هۆگرانی فیلم لە هەرێمی کوردستان کرد.  
 
ئەو فیلمسازە ئێرانییە، لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "سڵاو لە خەڵکی هەرێمی کوردستان، فیلمی 'پشیلە رەش' بە ژێرنووسی کوردی لەم هەفتەیەوە لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک نمایش دەکرێت، ئێمەش لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بە هاوڕێیەتی لەگەڵ بەشێک لە ستاف و ئەکتەرانی فیلمەکە، سەردانی کوردستان بکەین و ببینە میوانی ئێوە، هیوادارم ئەم کارە رووبدات و لە نزیکەوە ئێوە ببینین. هیوادارم فیلمەکە ببینن و چێژیی لێوەربگرن و پێتان خۆش بێت.  بە هیوای دیدارتان، هەر بژی کوردستان". 
 
پێشاندانی 'پشیلە رەش' بەرهەمی ساڵی 2020 بە بەرپرساریی محەمەد تۆریوەریان، لە 30-5-2022 لە سینەما سالم لە سلێمانی دەستیپێکردووە و لە سینەمای ئێمپایەری فامیلی مۆڵ لە هەولێر و هەروەها لە سینەمای دهۆک مۆڵ لە دهۆک پێشاندەدرێت. 
 
'پشیلە رەش لە دەرهێنانی کەریم ئەمینی، لە بەرهەمهێنانی بەهرام رادان، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی سینەمای ئێران، جگە لە بەهرام رادان هەریەک لە  تەڕلان پەروانە، حوسێن پوورکەریمی، کیا روکنی، بەهارە کیان ئەفشار، عەلیڕەزا ئوستادی، پەیام ئەحمەدی نیا، ئازادە سەدیری، بێهرووز قادری، ستایش رەجایی نیا، ئارەزوو نەبووەت، سومەیە بورجی و هەروەها رەزا یەزدانی، ئیحسان کەڕەمی، عەلی ئۆوجی، نیگار شیرازی و گرووپی موزیکی سوێن، تێیدا رۆڵیان گێڕاوە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە ناوەرۆکێکی کۆمەڵایەتی هەیە و روانینێکی بۆ مژارەکانی ئەمڕۆی گەنجان هەیە، هەروەها کاریگەری ئینتەرنێت لە نێو کۆمەڵگای رەسەن و جیاوازیی نەوەکان لە نێو کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێراندا. 
 
فیلمەکە تا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداریی کردووە، لەوانە: وەرشەو لە پۆڵەندا، سۆفیا لە بوڵگاریا، فێستیڤاڵی هونەریی پێشکەوتووی چۆنگ کینگ لە چین، داکا لە بەنگڵادش و لە هەردوو فێستیڤاڵی پڕێنس ئێدوارد و ڤانکۆڤەر لە کەنەدا.