مەزهەر خالقی: خەڵاتەکەی زانکۆی سلێمانی وەک نۆبڵ وایە بۆم

رووداو-هەولێر

مەزهەری خالقی وەرگرتنی دکتۆرای شانازی لە زانکۆی سلێمانی لە ئاستی خەڵاتی نۆبڵ بۆ خۆی دادەنێت و هاوبەشی دەکات لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی پیش خۆی هاتوون و وەک ئەو دەڵێت بەبێ ناوونیشان رۆیشتوون. وەزیری خوێندنی باڵاش خالقی، بە قەڵای هەرەبەرزی هونەری و نیشتمانی هەرچوارپارچەی کوردستان ناودەبات.

بەئامادەبوونی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا، پارێزگاری سلێمانی، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی، هونەرمەندان و کەسایەتییە هونەری و سیاسی و حیزبییەکان، لە رێوڕەسمێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە زانکۆی سلێمانی دکتۆرای شانازی بەخشییە هونەرمەند مەزهەر خالقی. 



پێدانی دکتۆرای شانازی بە هونەرمەند مەزهەر خالقی وەک د.رێبوار راگری کۆلیژی هونەری زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی رێوڕەسمەکە بە رووداوی راگەیاندبوو: "لە پای هەوڵی بێپایانیەتی لە بواری هونەر و کۆکردنەوەی ئەرشیڤی کولتووری و کەلەپووری زارەکی کوردستانە بەمەبەستی گەشەپێدان و گوێزانەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو".

مەزهەری خالقی کە بەرپرسی ئەنستیوتی کەلەپووری کوردە لە سلێمانی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23000 میلۆدی کۆکردووەتەوە و زیاتر لە 300 کتێبی بە کوردی، عەرەبی و، ئینگلیزی چاپکردووە و بڵاوبووەتەوە. 60000 وێنەی هەرچوار پارچەی کوردستان کۆکراونەتەوە جگە لە 200 بەرهەمی گۆرانی کە لەلایەن ئەنستیتیوتەکەیەوە تۆمارکراون.

د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "مامۆستا مەزهەر و ئەنستیوتەکەی رۆڵێکی زۆر باڵایان بینیوە لە پرسە کولتووری و نەتەوەییەکان، ئەو زیاتر لە 50 ساڵە وەک تێکۆشەرێک و وەک هونەرمەندێکی نەتەوەیی، بەردەوام قوتابخانەیەک بووە بۆ چەندین نەوە و قەڵای هەرەبەرزی هونەری و نیشتمانی هەرچوارپارچەی کوردستان بووە".

وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "ئەو چۆن لە بوارە هونەرییەکەیدا نموونەی هونەرمەندێکی رەسەن و خاوەنی میلۆدی نەتەوەیی و دەنگێکی بێوێنە بووە، بەهەمانشێوە ئەم کارەشی لەم ئەنستیوتەدا کە ئەرکی پاراستنی کولتووری نەتەوەیی و گۆرانی و سەرجەم داب و نەریتی خۆمانە لە هەرچوارپارچەی کوردستان، جارێکی دیکە بووەتە وێستگەیەکی هەرە گەورەی پاراستنی کولتووری نەتەوەییمان".



دوای بەخشینی دکتۆراکە و واژۆکردنی لەلایەن هونەرمەند مەزهەر خالقییەوە، ئەو هونەرمەندە گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "زۆر بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم ئەم خەڵاتە پڕبایەخە کە خەڵاتێکی زانستیی و نەتەوەییە، من هاوبەش و شەریکی دەکەم لەگەڵ هەموو ئەو هونەرمەندانەی کە بۆ گەلەکەمان ئازادی، خۆشی ژیان، مانای ژیانی کوردی و کوردەورییان هێناوە و بەبێ ناوونیشان رۆیشتن، من ئەم خەڵاتە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هاوبەش دەبم".

خالقی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی پێدانی خەڵاتەکە کرد و گوتی: "چەند رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ زانکۆ کە باسی ئەم خەڵاتەم دەکرد، من وتم ئەم خەڵاتە بۆ من ئەوەندە بەرزە کە لە ئاستی خەڵاتە گەورەکانی جیهانە وەک نۆبڵ، لەبەر ئەوەی لە خاکی خۆم وەریدەگرم  و گەلەکەم پاداشتم دەداتەوە. ئەگەرچی هیچکاتێک چاوەڕوانی ئەوە نەبوومە کە رۆژێک لە رۆژان بەمشێوەیە پاداشتی هونەر بکرێت و منیش یەکێک لەوانە بم، لەبەر ئەوەیکە من بە درێژایی تەمەنم گەلەکەم لە گەنج و بەساڵاچوو لە هەر شوێنێکی جیهان بووبم هەموو خۆشەویستی و میهرەبانی ئینسانی خۆیان وا پێبەخشیوم کە نەتەنیا هەستی هیچ ناخۆشییەک و هیچ کێشە و دەردیسەرییەکم لە ژیانمدا نەکردووە، بەڵکو هەموو کێشەکانی کوردبوونمم لەبیرچووەتەوە و وەکو پاڵەوانێک بە وزەوە هاتوومەتەوە گۆڕەپانی خەباتی فەرهەنگی، کولتووری و ئینسانی. بەبڕوایشەوە و بەهەموو قووڵایی دڵمەوە دەیڵێم و ئەوەش دەسەلمێنم مرۆڤی کورد یەکێکە لە باشترین، بەرزترین و گەورەترین مرۆڤەکان لەسەر زەوی، هەمووشمان دەزانین کە مێژوویەکی کۆن و درێژمان هەیە".



ئەو هونەرمەندە گوتەکانی خۆی بە گەشبینییەوە بۆ داهاتووی کورد تەواوکرد و گوتی: "ئێمە هەمیشە نموونەی رەوشت و پێکەوەژیان بووین و، ئێستاش لێرە ئێمە دەیبینین و شایەد یەکێک لە گوناهەکانمان ئەوە بێت کە لەگەڵ هەموو کەسێک وەک خۆمان هەڵسوکەوت دەکەین، بەڵام جیهان هەروا نابێت و بێگومان بەرەو رووناکی دەڕوات هەر بەو شێوەیەی کە گۆرانی مەزن باسی ئەوەیکردووە (ئاسۆی گەلی کورد هەمیشە بەرز و رووناکە)".

مەزهەر خالقی ساڵی 1939 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. لە زانكۆی تاران بەشی فیزیای تەواو كردووە و دواتر چووەتە رێكخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حكومەتی ئێران. بۆ ماوەیەكیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی سنە و كرماشان بووە.

دوای شۆڕشی ئێران لەساڵی 1979 و هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران، خالقی نیشتمانیی دایكی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەك لە هەندەران ژیاوە و دواتریش گەڕاوەتەوە باشووری كوردستان. ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 250 ئاوازی فۆلكلۆری تۆماركراوی هەیە و ئێستا بەڕێوەبەری ئەنستیتیوتی كەلەپووری كوردە لە شاری سلێمانی و لە بوارەكانی هونەر، ئەدەبیات و فۆلكلۆر چالاكی دەكات.