سێلڤیا پینال لە تەمەنی 93 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
سێلڤیا پینال، ئەستێرەی سینەما مەکسیک، لە تەمەنی 93 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و لە رێوڕسمێکی رێزلێناندا تەرمەکەی بۆ گۆڕستان لە مەکسیکۆ بەڕێکرا.
ئەو هونەرمەندە رۆژی پێنجشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2024 لە مەکسیکۆ کۆچی دواییکرد و رۆژی شەممە، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ماڵباتەکەی، هاوڕێ و بەشێک لە هەودارانی تەرمەکەی بەڕێکرا.
سێلڤیا پینال، لە سەردەمی زێڕینی سینەما لە مەکسیک ژیاوە کە لە چل و پەنجاکانی سەدەی رابردوو بوو.
ئیرما لالو ئازکۆنا، یەکێک لە هەوادارانی پینال لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو و گوتی: "زۆر خەمبارم، رۆژێکی زۆر خەمناکە بۆ من و ئەو کەسانەی سیلڤیا پیناڵیان خۆشدەویست".
ئەو ئەکتەرە لە ماوەی 60 ساڵ کارکردن لە سینەما، لەگەڵ دیارترین ئەستێرەکانی سینەمای مەکسیک کاریکردووە. لە 1991 لە فیلمی "Viridiana" رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
لە دوای ئەوەی لە شەستەکانی سەدەی رابردوو سەردەمی زێڕینی سینەما لە مەکسیک رووی لە کزبوون کرد، ئەو ئەکتەرە رووی لە تەلەڤزیۆن کرد، بەتایبەتیش لە بواری بەرهەمهێناندا.
ماڵباتی ئەو هونەرمەندە رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، سێلڤیا پینال، بەهۆی نەخۆشییەک لە کۆئەندامی میزەڕۆ، لە نەخۆشخانەدا مایەوە.
سێلڤیا پینال، پێشتر ژیانی هاوژینیی لەگەڵ ئێنریکی جۆزمان پێکهێنابوو و خاوەنی دوو منداڵن، ئەویش سیلڤیا پاسکویل، ئەکتەر و ئەلیخاندرا جۆزمان، گۆرانیبێژی رۆک.