لە لۆس ئەنجلس بەشی نوێی 'Joker' پێشاندرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Joker" لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا پێشاندرا، لەیدی گاگا و خواکین فینێکس هەردوو ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە، لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوون.
 
بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی "Joker: Folie à Deux"ـە و بەربەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 پێشاندرا. لەسەر فەرشی سووری رێوڕەسمی پێشاندانی فیلمەکە، لەیدی گاگا لەگەڵ خۆشەویستەکەی مایکڵ پۆلانسکی دەرکەوت و دەرهێنەر و بەشێکی دیکە لە ستافی فیلمەکە ئامادەبوون.
 
گاگا لەبارەی نوێترین ئەلبوومی کە گۆرانییەکانی نێو فیلمەکە لەخۆدەگرێت، گوتی: "کاتێک بۆ تۆمارکردنی حەوتەمین ئەلبوومم چووم بۆ ستۆدیۆ، بەهیچ شێوەیەک بیرم لەوە نەکردبووەوە کارەکتەری نێو فیلمێک دروستبکەم. تەنیا بیرم لەو میوزیکە دەکردەوە کە داوتر دەمویست دروستی بکەم، بەهەموو هێزی جەستەم و بەشێوەیەکی دەگمەن گۆرانیم گوت". 
 
هەفتەی رابردوو پێشاندانی تایبەتی ئەم بەرهەمە لە لەندەنی بەریتانیا بەڕێوەچوو، هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی ئامادەی پێشاندانی فیلمەکەیان بوون.
 
رووداوەکانی "Joker: Folie à Deux" درێژەپێدەری بەشی یەکەمن، تێیدا فینێکس رۆڵی کارەکتەری ئارسەر فلێک دەگێڕێت کە دوایین جار لە پەخشی راستەوخۆدا پێشکێشکارێکی تەلەڤزیۆنی دەکوژێت، بەهۆیەوە چارەسەری دەروونی وەردەگرێت، بۆ ئەوەی دواتر بەهۆی ئەو تاوانەوە دادگایی بکرێت.
 
ئەم رووداوە وایکرد، ژمارەیەک هەوادار بۆ خۆی دروستبکات، یەکێک لەوانە کارەکتەری هارلی کوین کە گاگە رۆڵی دەگێڕێت، پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت و بە گۆرانی گوزارشت لە خۆیان دەکەن.
 
لەیدی گاگا، لەگەڵ دەستگیرانەکەی مایکڵ پۆلانسکی بە جلێکی سوور و مەیکئەپی کارەکتەری هارلی کوین، بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕی.
 
گاگا، لەبارەی فینێکس گوتی، کارکردنم لەگەڵ ئەو خۆشەویست. هیچ رۆژێک بێزارکەر نەبووە، ئەو بە درێژایی کات کەسێکی پێکەنیناوییە. گوتیشی، جیهانی "Joker" چەند تاریک بوو، بەڵام هێندەی ئەوەش لە کاتی وێنەگرتن پێکەنیون.
 
تۆد فێلێپس، دەرهێنەری فیلمەکە لە پێشاندانی تایبەتی "Joker: Folie à Deux" ئامادەبوو، لەبارەی گاگا گوتی، جەماوەرێکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام ئەوان گاگایان خۆشدەوێت لەوەی دەیکات. هیوای ئەوەشی خواست، فیلمەکەیان بە دڵ بێت. گوتیشی، ئەوان دیوێكی دیکەی جیاوازی دەبینن و لەو بڕوایەدایە، ئەو کارەکتەری خوڵقاندوویەتی؛ بە دڵیان دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە، هەوادارانی لەیدی گاگ و خواکین فینێکس، بە واژۆکردن بۆیان و وێنەگرتن لەگەڵیاندا؛ دڵخۆش بوون.
 
بەشی دووەمی "Joker" بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برۆسە و لە نیسانی 2024 یەکەم پۆستەری بڵاوکرایەوە. فیلمەکە لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 
 
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "Joker" لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە بوو کە داهاتی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنیا 55 ملیۆن دۆلارە.
لە بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەک لە خواکین فینێکس و لەیدی گاگا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وێنەگیراوە، چونکە ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاری لێخۆشبوونی باجی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بە بڕی 12.6 ملیۆن دۆلار دا.
 
پێشاندانی "Joker: Folie à Deux" ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا دەستپێدەکات و لە 4ـی مانگ لە ئەمریکا پێشاندەدرێت.