ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوەریی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی - مۆسکۆ ناسێندران


رووداو دیجیتاڵ

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی - مۆسکۆ لە رووسیا ناسێندران.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی فێستیڤاڵەکیە کە کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە، فێستیڤاڵەکە بە سه‌رۆکایه‌تی کەرەم گەردەن زەری، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناسراوی کوردی دانیشتووی رووسیا، بە بەرپرسیاریی گولیزەر گەردەن زەری و ئینا تێدژۆڤا، به مه‌به‌ستی رەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێرنی ئەم نەتەوه ره‌سه‌نه، بە پێشاندانی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵنده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی شه‌ویی سینه‌مای کوردی، به‌شی نمایشی باشترین فیلمه‌کانی رووسیا‌ و پێشانگەی کولتووری و هونه‌ری، له رۆژانی ١٨ تا ٢٢ـی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤ لە مۆسکۆ رووسیا بەڕێوەدەچێت.
 
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی له‌وانه؛ به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵنده سینه‌ماییه‌‌‌کان، به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلمه بڵنده‌کان، به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان و به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان له‌م رووداوه سینه‌ماییه ناسێندران که به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی ١٢ وڵاتی و هەرێمی جیهان، له‌وانه؛ هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، فه‌ره‌نسا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیکا، دانیمارک و هه‌رێمی کوردستان، له رۆژانی به‌ڕێوه‌چوونیدا پێشاندەدرێن. 
 
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی فیلمه سینه‌ماییه‌‌‌کان، بریتین لە خاتوو ئانجلینا نیکۆنۆڤا، ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له رووسیا، که فیلمی "پۆڕتره‌یه‌ک له گورگ و بۆمه‌لێڵ"ـی ئەو فیلمسازه له یه‌که‌مین به‌شداریی جیهانی خۆیدا له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ڤێنس بەشداربوو، هه‌روه‌ها ده‌رهێنانی فیلمی "به‌خێر بێن بۆ ماڵه‌وه" و فیلمی "ئه‌رێ که‌سێک  کچه‌که‌ی منی بینیوه؟" له کارنامه‌ی هونه‌ریی خۆیدا هه‌یه‌.  
 
لیانکا گریۆ، ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له رووسیا که به رۆڵبینین له فیلمه‌کانی "منداڵانی ژێر ١٦ ساڵ"، "گه‌ڕاونه‌وه‌ی چه‌کداره‌کان" و زنجیره دراماکانی "باڕڤیخا" و "شێرلۆک هۆڵمز" ناسراوه. 
 
هه‌روه‌ها ماکسیم دۆبرۆمیسلۆڤ، به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان، به‌ڵگه‌فیلمه‌کان و زنجیره دراماکان له رووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که له پڕۆژه‌کانی "مانای ژیان"، "رووسیا ـ ئۆدیسه" و "ده‌ره‌وی وه‌رز. داستانی لاوان" هاوکاریی کردووه.    
 
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلمه بڵنده‌کان، بریتین لە توماس سیدریس، رۆژنامه‌نووس، توێژه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له یۆنان، که زیاتر له ٤٠ خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ کاری توێژینه‌وه‌‌کانی له بواری به‌ڵگه‌فیلمدا به‌ده‌ستهێناوه. 
 
مزگێن ئه‌رسلان، رۆژنامه‌ڤان و دیکۆمێنتسازی کورد له به‌ریتانیا، که به یه‌که‌مین فیلمی بڵندی خۆی به ناوی "من فڕیم، تۆ مایه‌وه" خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی ساڵی له ئه‌نجوومه‌نی رخنه‌گرانی فیلمی تورکیا، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی به‌ڵگه‌فیلمی ئامەد  و خه‌ڵاتی مریلا گالێتی لە ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێناوه. 
 
ئێڤان بۆلۆتنیکۆڤ، ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له رووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که ده‌رهێنانی بۆ فیلمه‌کانی "له هێڵی یاریی"، جان باپتیست و "مۆزه‌خانه‌ی پڕبه‌دڵ" کردووه و به فیلمی بڵندی "ئازاره‌کان" دوو خه‌ڵاتی له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی شەنگهای" له چین به‌ده‌ستهێناوه. فیلمی "پاڵمیرا" له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وه که له باکوور کوردستان وێنه‌گیراوه.