'The Order' و 'Battlefield' لە چوارەم رۆژی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس پێشاندران
رووداو دیجیتاڵ
چالاکییەکانی کۆنترین فێستیڤاڵی فیلم لە جیهاندا بەردەوامە، لە چوارەم رۆژی دا، هەردوو فیلمی بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ "The Order" و "Battlefield" پێشاندران و ستافی دوو فیلمەکە بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
رۆژی شەممە 31ـی ئابی 2024 فیلمی "The Order" لە دەرهێنانی کاستن کۆرزاڵ کە هەریەک لە جودی لۆ، نیکۆڵا هۆڵت، تای شێردن و جۆرنی سمالەت رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لە 81ـەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس پێشاندران و ستافی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
ئەم بەرهەمە سینەماییە یەکەمجارە پێشاندەدرێت و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵدا بەشدارە، کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی شێری زێڕین دەکات کە خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیە.
چیرۆکی فیلمەکە لە کتێبێک بەناوی "The Silent Brotherhood" وەرگیراوە کە لە 1989 نووسراوە، باس لە گرووپی کۆمەڵەی رەگەزپەرستیی سپی دەکات کە لە هەشتەکانی سەدەی رابردوو لە ئەمریکا چالاک بووە.
هەر لە چوارەم رۆژی فێستیڤاڵدا کە ژمارەیەک ئەستێرەی سینەما ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین، فیلمی "Battlefield" لە دەرهێنانی گیانی ئەمێلیۆ، دەرهێنەری ئیتاڵی پێشاندرا.
فیلمەکە دراماییە و ئەمێلیۆ چیرۆکەکەی نووسیوە، رووداوەکانی لە سەردەمی کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم روودەدەن، تێیدا باس لە پزیشکێک دەکات کە لە باکووری ئیتاڵیا چارەسەری سەربازە بریندارەکان دەکات، بەشێکیان خۆیان بریندار کردووە بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە بەرەکانی جەنگ.
هەر لە چوارەم رۆژی فێستیڤاڵدا، ژمارەیەک ئەستێرەی بەشداربوو لەو بۆنە سینەماییەدا، لە چالاکییەکی تایبەت بە براندی ئەرمانی بەشداربوون.
بە پێشاندانی فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی چالاکییەکانیدا، ئەستێرەی دیاری سینەمای هۆلیوود و جیهان تێیدا ئامادە بن.
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە، تیم بۆرتن، دەرهێنەری فیلمەکە و هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی مایکڵ کیتن و وینان رایدەر، ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، ژمارەیەک ئەستێرەی دیکەی سینەما بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین، لەوانە مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری ناسراوی ئیتاڵی و کەیت بلانچێت، ئەکتەری ناسراوی ئوستراڵی.
لە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بە خەڵاتکردنی فیلمی "Joker" لە فێستیڤاڵدا، تۆد فیلیپس، دەرهێنەری فیلمەکە، لە رێگەی بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی "Joker: Folie à Deux"، چاوی بڕیوەتە خەڵاتی شێری زێڕینی فێستیڤاڵ کە 20 فیلمی دیکە بەربژێری ئەو خەڵاتەن.
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شێری زێڕینی شانازی، بە سیگۆرنی ویڤەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانی.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.