به‌ڵگه‌فیلمێک لەبارەی ئامێری تەنبوور له فێستیڤاڵی فیلمی نیپاڵ پێشاندرا

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی کوردی 'هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان' لە دەرهێنانی فەرید ئیلهامی، سه‌باره‌ت به مێژووی ئامێری رەسەنی کوردی ته‌نبوور، له به‌شی پێشبڕكیی 'سینه‌مای جیهان' له چواره‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی که‌لتووری نیپاڵ پێشاندرا.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بەشی راگەیاندنی بەڵگەفیلمی 'هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان' کە تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی فەرید ئیلهامی، دەرهێنەری کورد، سه‌باره‌ت به مێژووی ئامێری رەسەنی کوردی ته‌نبوور، له نوێترین و سێیه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا، له فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە کە به‌رهه‌می وڵاتانی هۆڵه‌ندا، ئه‌مه‌ریکا، فلیپین، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، هیندستان، چین و ئه‌ڵمانیا تێیدا بەشداربوون.
 
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بەڵگەفیلمه کوردییه له ئه‌ستۆی گرووپی په‌خشی 'فێرست سکرین' به به‌رپرسیارییه‌تی سۆڵماز ئیعتماده. 
 
مه‌به‌ست له دامه‌زراندنی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی که‌لتووری نیپاڵ، هاندانی به‌هره‌مه‌نده سینه‌ماییه‌کانە له سازکردنی فیلم و په‌ره‌پێدانی فیلمه‌کان له بواری منداڵان، ژنان، که‌لتووری و نەوجەوانان که به‌رهه‌مه‌کانیان پڕناوه‌رۆک و سه‌رۆبه‌خش بۆ سه‌رتاسه‌ری جیهان بێت و تێیدا پێوه‌ره‌کانی سه‌رقاڵکردن، سازکردنێکی باش، پڕمانابوون و لێوانلێو له بایخه ئاکارییەکان رچاو گرتبێت. 
 
چواره‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی که‌لتووری نیپاڵ، به به‌شداری 72 فیلمی 34 وڵاتی جیهان له به‌شه جۆراوجۆ‌ره‌کان، له‌وانه؛ به‌شی پێشبڕكیی 'سینه‌مای جیهان' و به‌شی پێشبڕكیی 'سینه‌مای نه‌ته‌وه‌‌یی' له چوارچێوه‌ی کورته فیلمه‌کان و فیلمه سینه‌ماییه‌ بڵنده‌کانی چیرۆکی، بەڵگەفیلم، ئه‌نیمه‌یشن، فیلمه مافه مرۆڤییه‌کان، ژنان و منداڵان و هه‌روه‌ها سازکردنی کۆڕ و کۆبوونه‌وه پسپۆڕییه‌کان، کارگه‌ی فێرکاری هونه‌ری سینه‌ما و کۆڕی پرسیار و وڵامی فیلمه‌ به‌شداربووه‌کان؛ بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له کۆتایی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ له شاری کاتماندۆی پایته‌ختی نیپاڵ به‌ڕێوه‌چوو.
 
'هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان' سەبارەت بە مێژووی ئامێری رەسەنی کوردی تەنبوور، ئه‌فسانه‌کان و هۆنیاوانانی ئایینی یارسان و کاکەییەکانە. له‌م به‌رهه‌مه‌دا، بەش گەلێک لە ژیانی هونەرمەندان و کەڵام خوانانی ئەم ئامێرە باستانی و رەسەنە وێنەگیراوە کە ئێستا لە ژیاندا نەماون و لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، تەواوی هونەرمەندانی مەقامەکانی تەنبوور لەم دنیایەدا کۆچیان کردووە و فەرید ئیلهامی بۆ بە بەڵگەکردن و تۆمارکردنی مێژووی میوزیک، لە هەموو کەڵام خوانانی بوارە جۆراوجۆرەکانی تەنبوور، لە بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمە کوردییه‌دا کەڵکی ئەوتۆ و پڕبایەخی وەرگرتووە.