دیۆر نوێترین دیزاینەکانی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس خستەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس دەستیپێکردووە و براندی دیۆر نوێترین دیزاینەکانی بۆ جلوبەرگی خانمان بۆ وەرزی پاییز و زستان خستەڕوو.
نمایشی جلوبەرگەکە رۆژی سێشەممە 28ـی شوباتی 2023، لە پاریس بەڕێوەچوو و دیزاینەکان لەلایەن ژمارەیەک نمایشکاری جلوبەرگ خرانەڕوو و لە نێو هۆڵی نمایشەکەدا، هەشتپێیەکی گەورە هەڵواسرابوو کە کارێکی هونەریی جوانا ڤاسکۆنسیلوس، هونەرمەندی پورتوگالییە.
ئەم کارە هونەرییە جوانییەکی بە نمایشەکەدابوو، بەتایبەت کە وێنەگر و فۆتۆگرافەران وەک باکگراوند بۆ دیمەن و وێنەکانیان بەکاریان هێنا.
لە نمایشەکەدا، ژمارەیەک لە ئەستێرەکانی بواری سینەما و فاشن ئامادەبوون، لەوانە چارلز سیرۆن، ئەستێرەی هۆلیوودی.
دیزاینەکان لەلایەن ماریا گراسی چیۆری، دیزاینەری ئیتاڵی دیزاینکرابوون، تێیدا رابردوو وەک بناغەیەکی سەرەکی بەکارهاتبوو.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، لە 27 شوباتی 2023 لە پاریس دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئازار بەردەوام دەبێت، تێیدا براند و دیزاینەرە فەرەنسی و جیهانییەکان، دیزاینەکانیان دەخەنەڕوو.