نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 72 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوامی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 35 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 32 سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەپێی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لەو وڵاتە دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئەوەش وەکو هێمایەک بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو لە ئەمریکا چاوی لێدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دابەزینی هەفتەی رابردووی نرخی نەوت بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەندێ لە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس داوا بکەن ئەو پلانەی کە هەیانە بۆ خستنەڕووی زیاتری نەوت، دوابخەن.
هەموو ئەو هۆکارانە نرخی نەوتیان لە رۆژی چوارشەممەوە بەرەو بەرزبوونەوە هانداوە.
تۆشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "کەمبوونەوەی قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان روو لە کڕینی نەوت بکەن."
بەپێی هەندێ سەرچاوە، ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بە ئەگەری زۆرەوە پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو مانگی 12ـی ئەم ساڵ دوادەخەن بۆ ئەوەی پاڵپشتیی بۆ نرخەکانی نەوت دروستبکەن.