وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 کردووە. بەرپرسێکی ئەو وەزارەتە دەڵێت، تائێستا باسی دەستکارییکردنی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی نەکراوە.
رۆژی دووشەممە 31-10-2022، عەبدولحەسەن جەمال، راوێژکاری دارایی لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی رایگەیاند، "وەزارەتی دارایی بە کردەیی دەستیکردووە بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023. بەم نزیکانە پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات."
بانکی ناوەندیی عێراق، لە 20ی 12ی 2020دا بڕیاریدا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی نێوخۆ، بەڵام لە هەمانکاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا لانیکەم بە رێژەی زیاتر لە 20٪ بەرزکردەوە.
لەبارەی بابەتی دەستکاریکردنی نرخی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراق لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، راوێژکارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق گوتی: "دەستکاریکردنی نرخی دۆلار لە چوارچێوەی سیاسەتی حکومەتە و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دەدات، بەڵام تائێستا لە بودجەدا باس نەکراوە."
بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی، پێویستە حکومەت ساڵانە پڕۆژەیاسای بودجە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی 10 رەوانەی پەرلەمان بکات.
سەبارەت وادەی رەوانەکردنی پڕۆژەیاساکە، عەبدولحەسەن جەمال رایگەیاند، "هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان، بەڵام کار دەکەین لە زووترین کاتدا رەوانەی پەرلەمانی بکەین."
لەوبارەوە، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پسپۆڕە لە ئامادەکردنی بودجە، وردەکاریی تەواوی وەزارەتەکە دەزانێت بۆ ئەو ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە ئاسانە."
د. جەمال کۆچەر پێیوایە، بەشێک لە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادەیە لەوانە بەشی بودجەی بەکاربردن، ئەوەی دەمێنێتەوە، بەشی وەبەرهێنانە، ئەویش "زۆر ناخایێنێت"، بۆیە پێشبینی دەکەن؛ دوای نیوەی دووەمی مانگی 11 پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
لەبارەی پەسندکردنی بودجە لە پەرلەماندا، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات دوای نیوەی یەکەمی ساڵی نوێ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 لە پەرلەمان پەسند بکرێت.
رۆژی یەکشەممە 30-10-2022، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، کاری لە پێشینەی حکومەتی نوێ و وەزارەتی دارایی، پێشکێشکردن و پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023یە. وەزیری دارایی عێراق ئەو قسانەی لەو کۆبوونەوەیە کرد، کە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتی و کادیرانی پێشکەوتووی وەزارەتەکەیدا کردی.
بەهۆی ئەوەی کاربەڕێکەربوو، کابینەی پێشوو دەسەڵاتی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی نەبوو. بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان و بنبەستی سیاسی، پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە ساڵێک دواکەوت. ئەمساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبوو؛ لەسەر بنەمای یاسای ئیداریی دارایی یەک لەسەر 12ی یاسای بودجەی ساڵی 2021 خەرج دەکرا.