خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی: دەبێت لە دوو مانگدا مووچەی خانەنشینانی یەکەکان بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، دەبێت لە دوو مانگدا مووچەی تەواوی خانەنشینانی یەکەکانی 70 و 80 بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت، "دەبێت لە دوو مانگدا مووچەی تەواوی خانەنشینانی یەکەکانی 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و، ئیدی مووچەکانیان بەو جۆرە وەربگرن."
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە دوێنێ لیستی ناوی خانەنشینانی یەکەی 70 درابێتە وەزارەتی دارایی. لەوبارەیەوە شێخ عەزیز گوتی، "بیستوومانە، بەڵام بە نووسراوی فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە، لە کاتێکدا دەبێت ئێمە ئاگادار بکرێینەوە ئەگەر ناوەکان رادەست کرابێت."
بەهۆی ئەوەی ناوی خانەنشینانی یەکەی 70 لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نییە، مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی ئەو خانەنشینانە چەند رۆژێک دواکەوت و کێشەی بۆ دروستبوو.
22ـی تەممووز ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خانەنشینانی یەکەی 70ی پێشمەرگە رایگەیاند، "مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بە شێوەی سولفە خەرج دەکرێت تاوەکو کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت."
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی 4 ملیار دینارە. وەزارەتی دارایی دەڵێت، "مووچەی ئەو خانەنشینانە تاوەکو ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری."
ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند، بە گوێرەی یاسای چاکسازی و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی 70 "هیچ داتا و زانیاری و دۆسێیەکیان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، بۆیە لە وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە."
تاوەکو ئێستا هەردوو یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانن، یەکەی 70 سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانن و یەکەکەی دیکەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.