پشکى هەرێمى کوردستان؛ مووچە جێگیرە و وەبەرهێنان چاوەڕێى نێوەڕاست و باشوورە
رووداو دیجیتاڵ
لە خشتەکانى بودجەى 2024دا مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان جێگر کراوە، بەڵام پشکى وەبەرهێنانى بەستراوەتەوە بە رێژەى خەرجى پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشووری عێراق. پەرلەمانتارێکى کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تاوەکو یاساى بودجە هەموار نەکرێتەوە جگە لە مووچە، دیاریکردنى پشکەکە لە خەرجیی راستەقینە بەردەوام دەبێت.
لە کۆى 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستان لە خشتەى بودجەى عێراق بۆ ساڵى 2024، زیاتر لە 4.9 تریلیۆن دینارى بۆ خەرجیى سەرمایەیە، کە پارەى وەبەرهێنان و خەرجیى رەوان دەگرێتەوە.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازیى و بازرگانیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بڕگەیە لە خەرجیى راستەقینە دەرنەهێندراوە کە بەگوێرەى خەرجى ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق دیاری دەکرێت.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ 12.67٪ی تەواوى خەرجیى پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق لە خەرجیى سەرمایە وەک پشکى هەرێمى کوردستان لەو خەرجییە دەنێرێت لەگەڵ ئەوەى لە خشتەى بودجە پارەى بۆ دیاری کردووە.
لە سێ مانگى سەرەتاى ئەم ساڵ رێژەى خەرجکردنى بودجەى پارێزگاکان بۆ پڕۆژەکان 30٪ زیاتر نەبووە.
سۆران عومەر ئاماژەى بەوەدا لە خەرجیى بەکاربردن تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان لە خەرجیى راستەقینە بەدەرکراوە. دەشڵێت: "بۆ ئەوەى سەرجەم پشکەکە لەو خەرجییە جیابکرێتەوە و بەتەواوى بنێردرێت کە لە خشتەکەدا هەیە، دەبێت یاساى بودجەى گشتى هەموار بکرێتەوە".
پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجى بەکاربردن 14.8 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە 9.5 تریلیۆن دینارى بۆ مووچەیە کە جێگیرە و لە خەرجى راستەقینە جیاکراوەتەوە.