عێراق دەیەوێت رێگەى گەشەپێدان بۆ هەناردەى نەوت و گاز بەکاربهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى نەوتى عێراق لێکۆڵینەوەیەکى راوێژکاریی دەکات لەبارەى بەکارهێنانى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان بۆ گواستنەوە و هەناردەکردنى نەوت و گاز. 
 
ئەو لێکۆڵینەوەیە لەسەر بنەماى فەرمانێکى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بووە بۆ وەزارەتى نەوت، ئەو هەنگاوە لە کۆبوونەوەى خولیی لیژنەى باڵاى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان بڕیارى لێدراوە کە 30ى ئایار کراوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى داواى لە وەزارەتى نەوت کردووە لێکۆڵینەوەیەکى راوێژکاریى ئامادە بکات لەبارەى بەکارهێنانى رێگەى گەشەپێدان بۆ گواستنەوەى نەوت و گاز و هەناردەکردنى بەگوێرەى نەخشەڕێگەى وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان.
 
رێگەى گەشەپێدان 15 کۆمپانیا جێبەجێى دەکەن، 1200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، دوو رێگەى گواستنەوەى وشکانی و شەمەندەفەر لە بەسرەوە بۆ تورکیا لە خۆدەگرێت.   
 
لە کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان، وەزیرى گواستنەوە و نوێنەرى وەزارەتەکانى پلاندانان، نەوت و کارەبا و پەیوەندییەکان بەشدار بوون. 
 
سوودانى داواى لەو وەزارەتانە کردووە بیرۆکەکانیان لەبارەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان ئامادە بکەن و لێى بکۆڵنەوە، بەڵام نابێت هیچ بڕیارێک  لە دەرەوەى ئەو لیژنە باڵایە دەربکەن.