بانکى ناوەندى بۆ دوو رۆژ خستنەڕووى دۆلار 30% کەمدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بۆ ماوەى دوو رۆژ، بانکى ناوەندیی عێراق خستنەڕووى دۆلارى نەختینەیی بە رێژەى 30% بۆ بانکە حکومییەکان و کۆمپانیاکانى دراو کەمدەکاتەوە. 
 
بە گوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق کە دوێنێ یەکشەممە 29ى کانوونى یەکەمى 2024 بۆ بانکە حکومییەکانى رافیدەین، رەشید، تى بی ئاى و کۆمپانیاکانى ئاڵۆگۆڕى دراوى ناردووە، ئاماژەى بەوەداوە کە بۆ دەستەبەرکردنى دۆلارى نەختینە بۆ گەشتیاران لە پشووى سەرى ساڵ و هەروەها پشووى بانکەکان لە 2ى کانوونى دووەمى 2025، داواکارییەکانیان لە رۆژانى 30 و 31ى کانوونى دووەم وەردەگیرێت بۆ کڕینى دۆلار، ئەوەش تەنیا لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە دەکرێت. 
 
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو نووسراوە گەیشتووەتە بانکەکان و بەوپێیە سەکۆى ئەلیکترۆنى بۆ فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران بەردەوام دەبێت. 
 
بە گوێرەى پلانێکى بانکى ناوەندى، دەبوو فرۆشتنى دۆلار لە ساڵى نوێوە لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە نەبێت و لە رێگەى چەند بانکێکەوە بکرێت، ئەو سەکۆیە رۆڵى چاودێری و تۆمارکردنى زانیارییەکانى دەبێت.
 
 نووسراوەکە واژۆى عەمار خەلەف، جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندى لەسەرە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە داواکاریی کڕینى دۆلار لەو دوو رۆژەدا، لە 50% کەمتر نەبێت لەو بڕە پارەیەى پێشتر ئەو بانک و کۆمپانیایانەى ئاڵوگۆڕى دراو لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى وەریان گرتووە لە برى رێژەى 80% کە پێشتر پێوەر بووە. 
 
سەروەت جاف گوتیشى: "بەگوێرەى نووسراوەکە، رێژەى خستەڕووى دۆلارى نەختینەیی لەو دوو رۆژەدا بە رێژەى 30% کەمتر دەبێتەوە. پێشتر ئەو داواکارییەى بانکە حکومییەکان و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو پێشکێشیان کردبێت بۆ کڕینى دۆلار، 80%یان وەردەگیران".
 
بانکى ناوەندیى عێراق رۆژانە دۆلارى نەختینەیى بە 1305 دینار دەداتە سێ بانکە حکومییەکە و کۆمپانیاکانى ئاڵۆگۆڕکار بۆ ئەوەى بیدەنە گەشتیاران. هەر هاووڵاتییەک مانگى جارێک دەتوانێت سێ هەزار دۆلار بۆ گەشتى دەرەوە وەربگرێت.