پارێزەری سوودانی: پارێزگاری بانکی ناوەندی سەرکەوتوو نەبووە لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا


رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى تۆمارکردووە بۆ دوورخستنەوەى پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق، دەڵێت، دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار و بێتوانایی ئەو بەرپرسە لە بەڕێوەبردنى قەیرانەکان، هۆکارى پێشکێشکردنى ئەو سکاڵایە بووە. 
 
رۆژی 29ى کانوونى یەکەمى 2022، محەممەد ساعدى، پارێزەر کە لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاکەی تۆمارکردووە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سکاڵاکەمان بەهۆى ئەوەیە پارێزگارى بانکى ناوەندى تواناى بەڕێوەبردنى قەیرانەکانى نییە لە دۆخە تایبەتەکاندا. هۆکارێکى دیکەش ئەوەیە مەرجێکى گرنگى تێدا نییە کە لە ماددەی 13ی یاساى بانکى ناوەندیدا هاتووە و دەبێت پارێزگارى بانکى ناوەندى کەسێکى ئابوورى یان دارایی یان بانکى بێت".
 
بە گوتەی محەممەد ساعدى، دابەزینى بەهاى دینارى عێراقی بەرامبەر بە دۆلار یەکێکى دیکە بووە لە هۆکارەکانى پێشکێشکردنى ئەو سکاڵایە.
 
مستەفا موخیف لە ساڵى 1999 بڕوانامەى بەکالۆریۆسی لە یاسا بەدەستهێناوە، ساڵى 2000 بۆ 2001 بڕوانامەى دبلۆمى لە بوارى بەڕێوەبردندا بەدەستهێناوە، ساڵى 2019 ماستەری لە یاسا وەرگرتووە.
 
لە سکاڵاکەدا داواى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى راسپاردنى مستەفا موخیف دەکرێت لە بەڕێوەبردنى پۆستى پارێزگارى بانکى ناوەندى کە لە 14ى ئەیلوولى 2020 بەگوێرەى فەرمانێکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لەو پۆستە دانراوە و گوایە پێویستى بەوە بووە کە لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.
 
محەممەد ساعدى گوتى: "پێشتر دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیارێکى لەو شێوەیەى لە دژى سەرۆکى دەستەى پیشەسازیى جەنگى دەرکرد کە ئەویش یەکێک لە مەرجەکانى تێدا نەبوو بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە و دوورخرایەوە."
 
ئەو هەنگاوەى محەممەد ساعدى کە هاوکات پارێزەرى تایبەتى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانە، لەکاتێکدایە کە ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە 100 دۆلارى ئەمریکى لە 150 هەزار دینار نەهاتووەتە خوارەوە، هەرچەندە بانکى ناوەندى نرخى یەک دۆلارى بەرامبەر بە 1465 دینار دیاریکردووە.