نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.5٪ بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە و تەشەنەکردنی مەترسییە جیوسیاسییەکان بەرزبووەوە.
یەک ئۆنسە زێڕ لە دوایین ساتی مامەڵەکانی بازاردا بەڕێژەی 0.5٪ بەرزبووەوە و بە 2652 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە رۆژی هەینیدا، بەڵام لە ئاستی مانگانەدا نرخی زێڕ گەورەترین دابەزینی مانگانەی لە دوای مانگی 9ـی ساڵی 2023ـوە بەخۆیەوە کە بەهۆی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا روویدا.
نرخی زێڕ لە ئاستی هەفتانەشدا بەڕێژەی 2٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە کە بووە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلێکی فرۆشتن لە بازاڕی زێڕدا.
بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە لەم مانگەدا بەڕێژەی 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی شرۆڤەکاران، نرخی زێڕ رووبەڕووی گوشاری هەڵاوسان دەبێتەوە ئەگەر هاتوو دۆناڵد ترەمپ پێداگربێت لەسەر سەپاندنی پێناسە گومرکییەکان بەسەر وڵاتانی دیکەدا.
سەپاندنی پێناسی گومرکی بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئەوەش کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت.