نرخی نەوت کۆتایی بە دابەزینە گەورەکانی چەند رۆژی رابردووی هێنا
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کە تێیدا دەرکەوت، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە هەفتەی رابردوودا دابەزیوە، نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، کۆتایی بە دابەزینە گەورەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی هێنا.
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 21 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا 573 هەزار بەرمیل دابەزیوە. هەروەها قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو 282 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.
ئەمە لەکاتێکدا، بەپێی راپرسییەکان، پێشبینیی زیادبوونی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوە بە بڕی دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل دەکرا.
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە بەڕێژەی 6٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی ئێران هێرشی ئیسرائیلی بەبێ کاریگەر پێشاندا.
رۆژی سێشەممە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لەگەڵ چەند وەزیرێکی کابینەکەی کۆدەبێتەوە بۆئەوەی لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی بە شەڕ لە لوبنان بهێنێت.