هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 2000 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، نرخی زێڕ لە نزیکەی بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە هەر ئۆنسەیەکی بە نزیکەی دوو هەزار دۆلارە.
سەختتربوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی غەززە، هەفتەی رابردوو نرخی زێڕی بۆ نزیکەی 2008 دۆلار بەرزکردەوە.
نرخی زێڕ توانی بەرگری لەو ئاستە بەرزەی بکات و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیاش ئەمڕۆ (دووشەممە، 30-10-2023) نرخی زێڕ دانەبەزی بۆ کەمتر لە 2000 هەزار دۆلار، کە بە ئاستێکی هەستیار هەژمار دەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی؛ سێ هەفتەی یەک لە دوای یەکە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە هارێش مێگەنی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئێ ئێک ستریت دەڵێ 'نرخی زێڕ، ئەمڕۆ نەیتوانیوە زیاتر بەرزبێتەوە لەو ئاستانە، بەهۆی ئەوەی بانکە ناوەندییەکانی وەک ئەمریکا، ژاپۆن و بەریتانیا ئەم هەفتەیە بڕیار لە سەر سوودی بانکی دەدەن، کە وایکردووە بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.'
بانکی ناوەندی ژاپۆن رۆژی سێشەممە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەش بانکی ناوەندیی بەریتانیا، سوودی بانکییان رادەگەیەنن.
هاریش مێگەنی دەڵێت 'ئەم هەفتەیە هێندە داتا بڵاودەبنەوە، کە ئەستەمە بازاڕەکان ئاراستەی خۆیان بە ئاسانی بدۆزنەوە."