وەزارەتی کشتوکاڵ بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا دابەش ناکات
رووداو - هەولێر
بەهۆی دابیننەکردنی هیچ بڕە پارەیەک لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بنەتۆوی بە جووتیاران نەداوە، بەشێک لە جووتیاران سوود لەو گەنمانە وەردەگرن کە بەرهەمی ساڵی رابردوویانە، بەڵام بەشێکیشیان زەوییەکانیان بە وشکی دەهێڵنەوە.
پێش دەستپێکردنی قەیرانی دارایی وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵانە نزیکەی 20 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنمی دابەش دەکرد، زیاتر لە سێ ساڵە بەهۆی قەیرانی دارایی نەیتوانیووە بنەتۆی گەنم بۆ جووتیاران دابینبکات، جگە لە بڕێکی کەم نەبێت کە هەڵگیراوی ساڵانی رابردووە، ئەمەش بەشی سەرجەم جووتیاران ناکات.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵانە سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دادەچێندرێن، ئەم زەوییانە پێویستیان بە 90 هەزار تۆن بنەتۆو هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمساڵ تەنیا 15 هەزار بنەتۆو بەسەر جووتیارانی نموونەیدا دابەشکراوە.