وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان: هیچ نوێنەرێکمان لە گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا بەشدار نەبووە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان "بەشدارە" لە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە تایبەت بە پرسە بازرگانییەکان و وەکو بەشێکی "گرنگ"ی عێراقیش سەیر دەکرێت، بەڵام بەرپرسێک لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ نوێنەرێکی ئەوان بەشدار بێت لە گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا. 
 
لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، موسەننا جەبار، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە سەردانەکەی وەزیری بازرگانیی تورکیا بۆ بەغدا هیچ رێککەوتێکی نوێی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ نەکرا، بەڵام هەردوولایان نیازپاکی خۆیان نیشاندا بۆ رێککەوتن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان. 
 
لەبارەی بەشداری هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، موسەننا جەبار گوتی، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و ئەوەی کە بۆ هەموو پارێزگاکان دەکرێت، بۆ هەرێمی کوردستانیش دەکرێت. گوتیشی، هەموو وەزارەتەکان بەشدارن لە گفتوگۆکان و هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێک لە وەزارەتەکان لە گفتوگۆکان بەشدارە.
 
لە بەرامبەردا، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە کە هیچ نوێنەرێکی ئەوان بەشداری لە گفتوگۆکاندا کردبێت و گوتی: "ئێمە کە لایەنی پەیوەندیدارین بە کاری بازرگانی و دەروازە سنوورییەکان، بە هیچ شێوەیەک ئاگادار نەکراینەتەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی نێوان تورکیا و عێراق کە لەبەغدا بەرێوەچوون".
 
بەرێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان پێیوایە، بەهۆی ئەو پێگە جوگرافیایەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی، هیچ لایەنێک ناتوانێت هەرێمی کوردستان پشتگوێ بخات، "چونکە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سنووری نێوان هەردوو وڵات؛ هەروەها پەیوەندی بەهێزمان لەگەڵ تورکیا هەیە". 
 
رۆژی دووشەممە، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا لە بەغدایە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆی لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد. بڕیارە بوو دوای بەغدا بۆڵات سەردانی هەولێریش بکات، بەڵام سەردانەکەی دواخست. 
 
هێڵی گەشەپێدان و بەشدارینەکردنی هەرێمی کوردستان تێیدا
 
لەبارەی رێگەی گەشەپێدان کە عێراق دەیەوێت لە نێوان عێراق و تورکیا دروستبکات، نەوزاد کامیل دەڵێت، هیچ پرسێک بەوان نەکراوە و بەشدارنین لە دروستکردنی ئەو هێڵە، بەڵام دەشڵێت: "بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەی هیچ رێککەوتنێک بەبێ هەرێمی کوردستان ناکرێت، ئەو رێگەیەش کەمێکی بەنێو هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و لەو دیوی سنووریش بەنێو باکووری کوردستانەوە تێدەپەڕێت." 
 
لە بەرامبەردا، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: "رێگەی بووژانەوە رەزامەندی و پیرۆزبایی هەموو لایەکی بەدەستهێناوە، هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی دەربڕیوە و پشتیوانی و پیرۆزبایی لە پرۆژەکە کردووە، ئەو قسەی باس لە پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان لەو پرۆژەیە دەکەن نالۆژیکییە."
 
عێراق بڕیاڕی داوە رێگەی ئاسنین کە بە رێگەی بووژانەوەی ناسراوە دروستبکات، کە درێژییەکەی 1200 کیلۆمەترە و لە بەسرەوە دەستپێدەکات تاوەکو سنووری تورکیا، 17 ملیار دۆلاری تێدەچێت کە 10 ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری خێرا و 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریش بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنینە. 
 
ئاستی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا رایگەیاند، ئاڵۆگۆری بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا لە دوای 2018وە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی پێشتر نزیکەی 9.5 ملیار دۆلار بوو، بەڵام دوای ساڵی 2018 و 2019 قەبارەکەی 23.2٪ زیادی کردووە گەیشتە 13 ملیار دۆلار، بەڵام لە 2020 بەهۆی پەتای کۆرۆنا حیساباتی گەشە هەژمار نەکرا، ساڵانی 2021 و 2022 ئاڵوگۆڕەکە بازی دا بۆ 15.2 ملیار دۆلار، ئێستا پێشبینی دەکرێت گەیشتبێتە 17 ملیار دۆلار.
 
بەگوتەی موسەننا جەبار، عێراق پێنجەم وڵاتی هاوردەکاری جیهانە بۆ کاڵای تورکی، لەنێو وڵاتانی ناوچەکەش وڵاتی یەکەمە. گوتیشی: "کەرەستە و کاڵاکانی تورکیا جێگەی متمانەی بەکارهێنەری عێراقین." 
 
سەبارەت بە ژمارەی کۆمپانیاکانی تورکیا لە عێراق، موسەننا جەبار گوتی: "850 کۆمپانیای تورکی لە عێراق تۆمارکراون و پێشبینی دەکەین لە ساڵ و رۆژانی داهاتوودا ئەو ژمارەیە بۆ 1000زیاد بکات."
 
بەرێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "ئەمساڵ تەنیا لە سنووری دەروازی ئیبراهیم خەلیل 1888 مۆڵەتی بازرگانی بە بڕی 2 ملیار و 572 ملیۆن دۆلارمان بە بازرگانان داوە و ئەم ژمارەیە بەروارد بە ساڵی رابردوو هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە، جموجۆڵەکان زیادیکردووە."
 
لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، نەوزاد کامیل رایگەیاند، 500 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە، کە بایی 400 ملیار و 24 ملیۆن و 69 هەزار دینارە، تائێستا 126 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە و چاوەڕێن بەمنزیکانە پارەکەی دیکەش بگات. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەم وەرزەی دانەوێڵە بە وەرزی "بەخشش" وەسفکرد و گوتی، لەم وەرزە دا 5 ملیۆن و 200 هەزار تەن دانەوێڵە وەرگیراوە، ئەمەش بەشی پێویستییەکانی عێراق دەکات و خۆبژێوی فەراهەم کراوە و بەشی 10 مانگ دەکات. 
 
لەبارەی گلەیی جووتیارانی کوردستانیش بۆ وەرنەگرتنی سەرجەم بەرهەمەکانیان، موسەننا جەبار گوتی، ئەو گەنمەی کە رادەستکراوە بەپێی پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ و زەوییە چێنراوەکان بووە، ئەگەر جووتیارانیش سکاڵایان هەبێت لە وەرنەگرتنی گەنم ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەزندەی وەزارەتی کشتوکاڵ.