تۆتال كڕینی پشكەكانی كۆمپانیایەكی رووسی رادەگرێت

رووداو- رۆیتەرز

كۆمپانیای نەوتیی گەورەی فەرەنسی (تۆتاڵ) ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند كە كڕینی پشكەكانی كۆمپانیای (نوفاتیك)ی رووسی راگرتووە لە رۆژی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە مالیزییەكە لە ئۆكراینا.

تۆتال یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیا وەبەرهێنەرە بیانییەكان لە رووسیا، بەڵام دواڕۆژی تۆتاڵ لە رووسیا تەمومژاوی بووە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە مالیزییەكە لەو شوێنەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارەكانی سەر بە رووسیادایە، كە ئەوەش پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوایی تەواو ئاڵۆزكردووە.

پاتریك دو لاشیڤاردیێر، بەڕێوەبەری دارایی كۆمپانیای تۆتاڵ لە كۆنگرەیەكدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە رایگەیاند: "لەڕۆژی رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەوە كڕینی پشكەكانمان لە نوفاتیك راگرت، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو گومانانەی لەسەر كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە هەن".

فڕۆكەكە لە رۆژی 17ی ئەو مانگە خرایە خوارەوە، لەڕێگەی موشەكێكی دروستكراوی رووسیا، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 298 لەسەرنشینەكانی . هەروەها لەمانگی حوزیرانی رابردوو رێژەی پشكەكانی تۆتال نوفاتیك گەیشتە 18 %.