نرخی زێڕ دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 115 دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-6-2022 نرخی نەوت لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە دابەزین کرایەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک بەرزبووەوە و بەردەوامیدا بە بەرزبوونەوەکانی سێ رۆژی رابردووی خۆی.
 
نرخی نەوتی برێنت 63 سەنت بەرزبووەوە بۆ 116 دۆلار و 8 سەنت، بەڵام ئێستا نرخەکە ناجێگیرە و لەنێوان 115 دۆلار و 90 سەنت تاوەکو 116 دۆلار بەرز و نزم دەکات. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 49 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 110 دۆلار و 27 سەنت.
 
بانکی ئوسترالی نیوزلاندی ئەی ئێن زێد لەو بارەیەوە رایگەیاند، "کەمبوونەوەی یەدەگی پاڵاوگە نەوتییەکان لە ئەمریکا بە بڕی دوو ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت."
 
کەمبوونەوەی یەدەگی کۆگاکراوی نەوتی خاو لە ئەمریکا لە کاتێکدایە بەهۆی بەرزبوونەوەی قازانجی پاڵاوگە نەوتییەکان، ئەو پاڵاوگانە بە بەرزترین توانایانەوە کاردەکەن و بەپێی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، پاڵاوگەکان بە 95%ـی توانای کارکردنی خۆیان کاردەکەن.
 
بانکی ئەی ئێن زێد زیاتر روونیدەکاتەوە کە پچڕانی خستنەڕووی نەوت لە لیبیا و ئیکوادۆر، هۆکاری زیاتر بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتە کە وایکردووە سەرەڕای زیادبوونی یەدەگی بەنزین و سووتەمەنیی پاڵاوگەکان، نرخەکانی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا مامەڵەیان پێوەبکرێت.
 
نرخی زێڕ بە 1815 دۆلارە
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ و دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە رێژەیەکی کەم بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1817 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دواتر دابەزییەوە و ئێستا هەر ئۆنسەیەک بە 1815 دۆلارە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە کە لەبەر نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و هەروەها ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا رۆژی رابردوو نرخی زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 1810 دۆلار.
 
جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە میانەی کۆنفرانسێکدا لە پۆرتوگال کە بانکی ناوەندیی ئەوروپا بەڕێوەی برد رایگەیاند کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەرفەتێکی کەمی ماوە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و ئەوان جیددین لەوەی کە رێگە نەدەن بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان چالاکییە ئابوورییەکان لە ئەمریکا پەکبخات.
 
بازرگانان پێیانوایە لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ هێمای ئەوەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا رێژەی سوودی بانکی زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان بەرزدەکاتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ناجێگیربوونی بازاڕی زێڕ و کانزاکانی دیکە.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 125 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 1.04 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.21 GBP/USD
 
دۆلار - یەن 136.526 USD/JPY
 
دۆلار - لیرە 16.62 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 250 تمەن USD/IRR
 
یەک دۆلاری ئەمریکی: 53.03 روبڵی رووسی