بەهای 100 دۆلار کەمتر لە 147 هەزار دینارە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە چەند مانگی رابردوو، بەهای دینار لە بەرزیدا ماوەتەوە؛ ئێستا 100 دۆلار بە کەمتر لە 147 هەزار دینار دەفرۆشرێت. شەش ملیۆن تمەنیش بە شێوەی نەخت بەرامبەر 100 دۆلارە.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 146 هەزار و 750 دینار دەفرۆشرێت.
 
لەبارەی تمەنیشەوە رەوەز میرزا ئاماژەی بەوە کرد، بە شێوەی نەخت 100 دۆلار بەرامبەر شەش ملیۆن تمەنە.
 
جگە لە سلێمانی، ئەمڕۆ لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو پشووە و مامەڵەی فەرمی ناکرێت.
 
رۆژی 22-03-2024 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-04-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و باسی چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن.
 
دوای راگەیێندراوەکە و رۆژی 23ی ئادار، دوای نزیکەی 10 مانگ، دینار بەرامبەر دۆلار بەرز بووەوە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 149 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
25ی ئەم مانگە، عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرێت و بەراورد بە ساڵی رابردوو، حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە.
 
سەفوان قوسەى، راوێژکارى کۆمەڵەى بانکە تایبەتەکانى عێراقیش بە رووداوی گوت، "کاتێک بازرگانێک داواى دۆلارى دەکرد، لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە وردبینى دەکرا و ئەگەری هەبوو رەتبکرێتەوە، بەڵام ئێستا سیستمى ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە هەیە کە دەرفەتى ئەوەى رەخساندووە بتوانن حەواڵەکە بەشێوەیەکى راستەخۆ بکەن، ئەمە پاڵپشتیکراوە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە کە دەیەوێت تاوەکو 31ـی کانوونى یەکەمى 2024 سەکۆى ئەلیکترۆنى رابگرێت."