سیتی بانک: بەزوویی رێککەوتنێکی سیاسی لەسەر نەوتی کوردستان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-3-2023) بە دابەزین کرایەوە و بازاڕی نەوت کاریگەریی نەمانی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوە نەما. سیتی بانکیش دەڵێ "بەزوویی رێککەوتنێکی سیاسی لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
 
نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانی ئەمڕۆ 37 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 77 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 28 سەنت دابەزی و بە 72 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
شارەزایانی سیتی بانک، کە یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی ئەمریکا پێیانوایە کاریگەریی نەمانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕی نەوت، زووتر لەوەی کە پێشبینی دەکرا، نامێنێت.
 
سیتی بانک لەو بارەیەوە دەڵێت "گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆیی عێراق، رەنگە بە زوویی رێککەوتنێکی سیاسی لێبکەوێتەوە". هەروەها دەڵێ "ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆڕییەکان بە بڕی رۆژانە 200 هەزار بەرمیل".
 
بەهۆی سنوورداریی توانای کۆگاکردن، کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە داخستنی بیرە نەوتییەکانیان کردووە.
 
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاندووە کە بیرە نەوتییەکانیان داخستووە، کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجیش رایگەیاندووە، بۆ ماوەی سێ هەفتە دەتوانێت بەردەوام بێت لە کۆگاکردنی نەوت.
 
کۆمپانیای HKNـی ئەمریکیش رایگەیاندووە یان دەبێت بە رەزامەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی نەوت و نەوتەکە بداتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان، یان ناچار دەبێت بیرە نەوتەکانی دابخات.
 
هەر سەبارەت بەو فاکتەرانەی دیکە کە ئەمڕۆ کاریگەرییان کردووەتەسەر دابەزینی نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، کە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.
 
لەلایەکی دیکەوە بەپێی کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا دابەزیوە و هاوردەکردنی نەوتیش گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی دابەزینەکانی ئەمڕۆی نرخی نەوت سنوورداربن.