نرخی نەوت بەڕێژەی 2٪ بەرزبووەوە، ئۆنسەی زێڕیش گەیشتە 2044 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
زریان و باوبۆران لە دەریای رەشەوە بوونە هۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوتی رووسیا و کازاخستان، بەمەش نرخی نەوت ئەمڕۆ بەرزبووەوە، لەهەمان کاتدا دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی، بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ و گەیاندییە بەرزترین ئاستی حەوت مانگی رابردوو.
نرخی نەوتی برێنت 33 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیل بە 82 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 45 سەنت بەرزبووەوە، هەر بەرملێکی بە 76 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-11-2023) لەکاتێکدایە بڕیارە سبەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بڕی کەمکردنەوەکان لە ئاستی خستنەڕووی نەوت بۆ ساڵی داهاتوو بدەن.
نرخەکانی نەوت رۆژی سێشەممە بەرێژەی 2٪ بەرزبوونەوە دوای ئەوەی بەپێی هەندێ راپۆرت؛ ئەندامانی هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس نزیکبوونەوە لە رێککەوتن لەسەر پشکی هەر وڵاتێک لە خستنەڕووی نەوت بۆ ساڵی داهاتوو.
بەپێی داتاکانی گواستنەوەی دەریایی، بەهۆی زریان و باوبۆرانی دەریای رەش، هەناردەکردنی رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رووسیا و کازاخستان، کە لەرێگەی دەریای رەشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێن، پەکی کەوتووە.
حکومەتی کازاخستان رایگەیاند، قەبارەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە رۆژی 27ـی ئەم مانگەوە، بەڕێژەی 27٪ کەمیکردووە.
هیرۆیکی کیکوکاوا، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی ئێن ئێس ترەیدینگ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانی لە پچڕانی هەناردەی نەوتی کازاخستان، نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە."
کیکوکاوا دەڵێت هەموو نیگاکان لەسەر کۆبوونەوەی سبەی ئۆپێک پڵەسن و ئەگەر بەرهەمهێنەرانی نەوت بڕیار نەدەن قەبارەی خستنەڕووی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکەنەوە، ئەگەری گۆڕانکاری لە نرخی نەوت تاوەکو 5 دۆلاریش لە ئارادایە.
نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی حەوت مانگی رابردوو
بەردەوامیی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی لەبەرامبەر دراوەکانی دیکە، بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لە دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە تاوەکو ئێستا.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی سێشەممە (28-11-2023) گەیشتە 2040 دۆلار، ئەمڕۆش درێژەی دا بە بەرزبوونەوەکانی و هەر ئۆنسەیەک بە 2044 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەمەش نرخی زێڕ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا.
بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی نرخی زێڕ دوای ئەوە روویدا، کە چەندین بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە داوە؛ بە ئەگەری زۆرەوە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ئاستەکانی ئێستا جێگیردەبن و ئەگەری کەمە، لە مانگی داهاتوودا بانکەکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی حەوت مانگی رابردوو، شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ هێشتا زیاتر بەرزببێتەوە.
بەپێی شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئێف ئێکس ستریت، هێشتا ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بۆ ئاستی 2074 دۆلار هەیە، کە بەرزترین ئاستی دەبێت لە دوای مانگی ئابی ساڵی 2020ـەوە.
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت، ئەمڕۆ بۆ 102.545 دابەزی، کە کەمترین ئاستی بەهای دۆلارە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا؛ دابەزینی بەهای دۆلار بە شێوازی نەریتی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای کاڵا و کانزاکان.