لیژنەی فێستیڤاڵی هەنار: هیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ پێشوازیی فراوان لە فێستیڤاڵەکە نەکراوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەڵێت، 700 کەس لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمیان خستووەتەڕوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێشوازیی خەڵک لە فێستیڤاڵەکە لە ساڵانی رابردوو زیاترە.
 
هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی لە هەڵەبجە رۆژی 27-10-2022 دەستیپێکرد. ئەمڕۆ شەممە 29-10-2022، ئەرسەلان عابید، ئەندامی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ فێستیڤاڵەکە کۆتایی دێت. بە فەرمی 700 خاوەنکار بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، هەر لە جووتیار و خاوەن باخەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە خانمانی دەستڕەنگین. هیچ ساڵێکیش وەکو ئەمساڵ بەشداربوون و فرۆش نەبووە".
 
فێستیڤاڵەکە بە هاوبەشیی ژمارەیەک رێکخراو و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و لیژنەیەکی باڵا بۆ بەرێوەبردنی پێکهێندراوە. ئەرسەلان عابید گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ وردەکاریی فرۆش و داهاتی فێستیڤاڵەکە رادەگەیێنن و ئێستا لە رێگەی لیژنەوە ئامارەکان کۆدەکەنەوە.
 
زۆرترین بەرهەمی هەنار ساڵانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە کە لە نۆ هەزار دۆنمدا بە نزیکەی 35 هەزار تۆن هەنار دەخەنە بازاڕەکانەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی و سارد و سەرمای زستانی رابردوو، بەرهەمەکە بۆ نیوە کەمیکردووە. بە گوتەی ئەرسەلان عابید، هەنار ئەمساڵی هەڵەبجە باشترە لە ساڵی رابردوو.
 
رۆژی 14ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستیپێکرد و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، نزیکەی 200 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەكەیان کرد.