وەزیری وزەی توركیا ناردنی دوازدەیەمین كەشتییە نەوتی باشووری كوردستانی راگەیاند


رووداو- ئەنقەرە

وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، كە دوازدەیەمین كەشتییە نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان باركرا و تاوەكو ئێستاش 8.8 ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەكراون.

تانەر یڵدز، وەزیری وزەی توركیا لەگەڵ وەزیری گەیاندنی ڤەنزوێلا كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و ئاشكرایكرد: "12هەمین كەشتییە نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان باركرا و تاوەكو ئێستاش 8.8 ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەكراون".

یڵدز ئەوەشی ئاشكراكرد، كە رۆژانە 180-190 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆری كەركووك - یەرمووك هەناردە دەركرێت، 2 هەفتە بەر لە ئێستاش بەهۆی ئەو چاككارییانەی لە بۆرییەكەدا كراون دەتوانرێ توانای هەناردەكردنی ئەو هێڵە نەوتییە بۆ 200-220 هەزار بەرمیل بەرز بكرێتەوە.

وەزیری وزەی توركیا گوتیشی، "لەنێو عەمبارەكانی بەندەری جەیهان 300-350 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان هەیە و ئێستا ئەو بڕەش ئامادەیە بۆ هەناردەكردن".

دوێنێش 11هەمین كەشتی لە بەندەری جەیهانەوە رەوانە كراو، پڕۆسەی هەناردەكارییەكەش لە مانگی 5 ی ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە.