نرخی نەوت بۆ 117 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت دوای سێ رۆژی بەردەوام لە بەرزبوونەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-6-2022 دابەزی و وچانێکیدا. سەرەڕای ئەوەش بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت، دابەزینی نرخی نەوت سنوورداربوو.
دابەزینەکە بەجۆرێکە نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 61 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 117 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 44 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 111 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی رابردوو نرخی نەوت بەهۆی نەمانی توانای بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە بازرگانان نیگەرانی سستبوونەوەی ئابووریی جیهانن کە بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو.
هیرۆیکی کیکاوا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری نیسان سێکیوریتی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە گۆڕانکاریی رۆژی چوارشەممە وەک خۆڕاستکردنەوەیە لە بازاڕی نەوت، بەڵام بە گشتی وەبەرهێنەران و بازرگانانی نەوت هەستدەکەن کە دەبێت نرخی نەوت بەرزبێتەوە، لەبەرئەوەی سعودیە و ئیمارات توانایەکی سنوورداریان بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هەیە."
لەلایەکی دیکەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی G7 دا رایگەیاند، ئەندامانی ئۆپێک بەڵێنیان داوە هیچ پچڕانێک لە خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا روونەدات، سەرەڕای ئەوەی رایگەیاندووە کە ئیمارات و سعودیە ناتوانن بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو زیادبکەن.
نرخی زێڕ بۆ 1822 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەبەر دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەرزبووەوە بۆ سەرووی 1822 دۆلار. هەر ئۆنسەیەک زیاتر لە یەک دۆلار بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 125 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.05 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.22 GBP/USD
دۆلار - یەن 136.18 USD/JPY
دۆلار - لیرە 16.66 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 30 هەزار و 720 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 54.50 روبڵی رووسی