حکومەتی عێراق لە دوو مانگدا 11%ـی بودجەى 2023ـی خەرج کردووە

رووداو دیجیتاڵ

لە دوو مانگى سەرەتاى 2023ـدا، وەزارەتى دارایی عێراق زیاتر لە 22 تریلیۆن دینارى پشکى بودجەى ساڵى خەرجکردووە کە زیاتر لە 11%ـی پارەى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتییە لەکاتێکدا هێشتا پەرلەمان پەسندی نەکردووە. 
 
بەگوێرەى ئەو ئامارانەى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵیی عێراق بڵاویکردوونەتەوە، لە مانگەکانى کانوونى دووەم و شوباتى 2023، خەرجیی دەوڵەت 22 تریلیۆن و 668 ملیار و 192 ملیۆن دینار بووە، کە دەکاتە زیاتر لە 11.3%ى تێکڕاى قەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کە نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە 29-5-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە مانگەکانى بەر لە پەسندکردنى بودجە، بە رێژەى یەک لەسەر دوازدەى یاساى بودجەى پێش خۆى خەرج دەکرێت و لەدواى پەسندکردنى بودجە، ئەو پارەیەی لەو مانگانەدا خەرجکراوە لە بودجەى گشتى دەبڕدرێت".
 
زۆرترین خەرجى حکومەت لە کانوونى دووەمدا بووە کە 13 تریلیۆن دینار بووە.    
 
ئەو ئامارانەى وەزارەتى دارایی عێراق بڵاویکردوونەتەوە، تایبەتن بە دوو مانگى سەرەتاى 2023، لەکاتێکدا دواى ئەوە سێ مانگى دیکە بودجە خەرجکراوە بێ ئەوەى وردەکارییەکەى لەلایەن ئەو وەزارەتەوە بڵاوبکرێتەوە، لەکاتێکدا ھێشتا پڕۆژە یاساى بودجەى گشتیی پەسند نەکراوە.
 
جەمال کۆچەر رونیکردەوە، بەوپێیەى ساڵى 2022 و 5 مانگى سەرەتای 2023 بودجەى کردەیی نەبووە و بەهەمان رێژەى یەک لەسەر دوازدە خەرجکراوە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەو کورتهێنانەى لە پڕۆژەیاسادا هاتووە، نەمێنێت کە بۆ بودجە دیاریکراوە.
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق، زیاتر لە 65 تریلیۆن دینارى کورتهێنان دەبێت کە بەشێکى زۆرى بە قەرز پڕدەکاتەوە.
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق ئێستا لە لیژنەى داراییە و بەهۆى ناکۆکى لەبارەى مادەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان رەوانەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان نەکراوە، بەمەبەستى دیاریکردنى رۆژى کۆبوونەوەى دەنگدان لەسەرى و پەسندکردنى.