یەک دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 32 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ، ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمریکی بە 32 لیرە و 36 قروش مامەڵەی پێوە دەکرێت، دوێنێ بە 32 لیرە و 30 قروش بوو.
دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی تورکیا کە رێژەی سوودی لە 45٪ بۆ 50٪ بەرزکردەوە، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکان بۆ چەند رۆژێک وەستا، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024 دەکرێت، بەهای لیرەی تورکی جارێکی دیکە دابەزی.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئادار یەک دۆلاری ئەمریکی بە 32 لیرە و 36 قروش و یەک یۆرۆ بە 34 لیرە و 98 قروش مامەڵەی پێوە دەکرێت، دوێنێ یەک دۆلار بە 32 لیرە و 30 قروش و یەک یۆرۆ بە 34 لیرە و 91 قروش مامەڵەیان پێوەکرا.
لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵدا بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکان لە دابەزین بەردەوام بوو، بەڵام دوای بەرزبوونەوەی رێژەی سوود، یەک دۆلار بە کەمتر لە 32 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.