کۆمپانیای DNO بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کورستان راگرت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، دەستیان بە داخستنی بیرە نەوتییەکانیان کردووە لە هەرێمی کوردستان دوای چوار رۆژ وەستانی هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاند، لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا بەردەوام بوون لە بەرهەمهینانی نەوت و نەوتیان کۆگاکردووە، بەڵام توانای کۆگاکردنیان سنووردارە.
قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشابوور، بەپێی راگەیاندنی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، لە ساڵی 2022دا 107 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا کە دەکاتە یەک لەسەر چواری کۆی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیاکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە شەوی رابردووەوە بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەی پیشابوور راگرتووە و دەستیان بە کارەکانی پەیوەست بە چاککردنەوە کردووە.
سەبارەت بە کێڵگەی تاوکێ، ئەو کۆمپانیایە دەڵێت، دەستیان بە داخستنی بیرە نەوتییەکان کردووە، بەڵام داخستنی هەموو بیرە نەوتەکان رۆژێکی پێویستە، بەهۆی ئەوەی لە رووبەرێکی فراوانی 10 کیلۆمەتری شوێنیان گرتووە.
بیژەن موسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بە داخەوە بارودۆخەکە گەیشتە ئەم رەوشە کە کاریگەریی دەکاتە سەر خستنەڕووی جیهانی نەوت و نرخەکانی نەوت، بەتایبەتی لەم کاتە هەستیارەدا کە بازاڕە داراییەکان پێیدا تێدەپەڕن."