ئۆنسەیەک زێڕ بە 2658 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا دابەزی و یەک ئۆنسەی بە 2646 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە کاتی داخستنی بازاڕدا، نرخی زێڕ بە 2658 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و هەندێک راستبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
دابەزینی نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی لەدوای ئەوە دێت، کە بەپێی ئامارەکانی هەڵاوسان کە رۆژی هەینی بڵابوونەوە، رێژەی هەڵاوسان لە 2.5% وە دابەزیوە بۆ 2.2% تەنیا لە مانگی ئەیلوول و زیاتر نزیکبووەتەوە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە 2٪ـە.
 
دابەزینی رێژەی هەڵاوسان، رۆژی هەینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکای دابەزاند، بەڵام نەبووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
بەپێی راپرسییەکان، هەرچەندە نرخی زێڕ توانیویەتی ئاستی مێژووری 2685 دۆلار لەم هەفتەیەدا بپێکێت، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، سەرمایە و نەختینە زیادنەبووە لە بازاڕدا و بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، قەبارەی سەرمایەی سندووقەکانی وەبەرهێنان لە زێڕدا، هێندە بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەوەش بە ئەگەری زۆرەوە، هۆکاری ئەوەیە کە رۆژی هەینی سەرەڕای دابەزینی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ نەیتوانی ئاستێکی نوێ لە بەرزبوونەوە تۆماربکات.
 
لەڕووی تەکنیکییەوە، ئێستا زیاتر ئاراستەی بازاڕ بەرەو دابەزینە.
 
بەپێی کریستین بۆرجۆن، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت)، ئەگەری دابەزینی نرخی زێر بۆ نزیکەی 2600 دۆلار لە ئارادایە.
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت ئاستی 2600 دۆلار بپارێزێت، تەنانەت ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 2545 دۆلاریش لە ئارادایە.