نرخی نەوت لە ئاستی هەفتانەدا بەڕێژەی 3% دابەزی

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا دابەزی.
 
رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 38 سەنت بەرزبووەوە بە 71 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 51 سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە ماوەی یەک هەفتەدا، نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 3٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 5% دابەزین.
 
بانکی ناوەندیی چین رۆژی هەینی سوودی بانکی کەمکردەوە و نەختینەی لە بازاڕدا زیاد کرد، وەک هەنگاوێک بۆ هاندانی ئابووری و گەشەپێدانی ئابووری، کە لەم ساڵدا بەڕێژەی 5٪ کە ئامانجی حکومەتی ئەو وڵاتەیە.
 
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاریی ئەیجیز هێجینگ لەوبارەیەوە رایانگەیاند: "سەرەڕای هاندانە بەرچاوەکانی چین کە دەتوانێت خواستی چین بۆ بەکاربردنی نەوت زیادبکات، بەڵام خستنەڕووی نەوتی زیاتر لەلایەن ئۆپێکەوە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت لەم هەفتەیەدا."
 
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رایگەیاند، پلانی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بەبڕی رۆژانە 180 هەزار بەرمیل لە مانگی داهاتوودا جێبەجێ دەکات.
 
بەپێی رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز، ئامانجی سعودیە لەوەی کە دەستبەرداری نرخی نەوتی 100 دۆلاری بووە، ئەوەیە کە پشکی خۆی لە بازاڕدا بپارێزێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، دوای ئەوەی باهۆزی ( هێلین) لە ئەمریکا زیانی بەرچاوی لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەمریکا دا، لەڕۆژی هەینییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچە نەوتییەکانی کەناری کەنداوی مەکسیک بە تایبەتی لەلایەن کۆمپانیای شێڤرۆنەوە دەستیپێکردووەتەوە.