نرخی زێڕ گەیشتە کەمترین ئاستی شەش مانگی رابردووی

رووداو دیجیتاڵ

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازاڕی زێڕ دانا و، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕی دابەزاند بۆ 1874 دۆلار کە کەمترین ئاستی نرخی زێڕە لە ماوەی شەش مانگ و نیوی رابردوودا.
 
نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بەو هۆیەوە نرخی یەک ئۆنسە زێڕی لە 1900 دۆلارەوە دابەزاند بۆ نزیکەی 1872 دۆلار.
 
ئێد مویا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هیچ ئاسۆیەک بۆ دابەزینی بەهای دۆلار لە ئارادانیە، بەو پێیەی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا ئاماژە بە بەهێزبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دەدەن."
 
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت لە شەوی رابردووەوە 106ـی دەربازکرد و، ئێستا لە ئاستی 106.36ـدایە و بەرزبوونەوەکانیشی بەردەوامە.
 
ئابووریناسان پێیانوایە بەرزبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە ئەمریکا دەبنە هۆی ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، ئەوەش بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکای بەرزکردووەتەوە.
 
سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی 10 ساڵی گەنجینەی ئەمریکا بەرزبووەتەوە بۆ 2.85٪ کە بەرزترین ئاستییەتی لە 12 ساڵی رابردوودا.

 

بەهای دۆلار لە بەرامبەر شەش دراوی سەرەکی دەپێورێت کە بە پێنوێنی دۆلار ناسراوە 
 
هەرچەندە بەهای زۆربەی کاڵاکان و دراوەکانی دیکە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی پێوانە دەکریت، بەڵام بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان لە خودی بەهای دۆلاری ئەمریکی دەربکەون، دەبێت چاو لە پێنوێنی دۆلار بکرێت.
 
بەهای دۆلار لە بەرامبەر یۆرۆ، یەنی ژاپۆنی، پاوندی بەریتانی، دۆلاری کەنەدەی، کۆرۆنی سویدی و فرانکی سوێسری پێوانە دەکرێت و تێکڕایان وەردەگیرێت، بەڵام هەرکامەیان بە کێشی جیاواز.
 
یۆرۆ بە کێشی 57.6٪
یەنی ژاپۆنی بە کێشی 11.9٪
پاوندی بەریتانی بە کێشی 11.9٪
دۆلاری کەنەدی بە کێشی 9.1٪
کۆرۆنی سویدی بە کێشی 4.2٪
فرانکی سوێسری بە کێشی 3.6٪
 
تێکڕای بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی بەو کێشەی کە بۆیان دانراوە ژمارەیەک دەخاتە بەردەست کە بە پێنوێنی دۆلار ناسراوە و، گۆڕانکارییەکانی ئەو پێنوێنەش گەورەترین کاریگەری لە بازاڕە داراییەکان بەجێدەهێڵێت.