مستەفا چاوڕەش: لەگەڵ سوپای عێراق هاوئاهەنگی دەکەین بۆ ئەوەی کۆرمۆر مووشەکباران نەکرێتەوە
رووداو-هەولێر
بەرپرسی یەکەی 70ی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو شوێنەی کە لێیەوە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکرایە ئامانج، لە لایەن پێشمەرگەوە دۆزراوەتەوە و لەگەڵ سوپای عێراق هاوئاهەنگیی دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکە بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق یان پێشمەرگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.7.2022 مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی 70ی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە لایەن پێشمەرگەوە ئەو شوێنە دەستنیشانکراوە کە لێیەوە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکرایە ئامانج و دەستیش بەسەر سەکۆی مووشەکەکان و ئۆتۆمبێلی هەڵگری چەکەکەدا گیراوە.
شوێنەکە 20 کیلۆمەتر لە دوایین سەنگەری پێشمەرگەوە دوورە. مستەفا چاوڕەش گوتی: "بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، گفتوگۆ لەگەڵ سوپای عێراق دەکەین و نامانەوێت خۆکارانە سەنگەر ببەینە ئەوێ و لەگەڵ سوپای عێراق تووشی کێشە ببین، بەڵام گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین و هەوڵدەدەین ناوچەکە لە لایەن لایەکمانەوە کۆنترۆڵبکرێت".
رۆژی چوارشەممە 27-07-2022 راگەیاندنی سەرۆکایەتیی ئەرکانی ھێزەکانی 70 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، دوای ئەوەی چەند جارێک بە مووشەک کێڵگەی کۆرمۆر کرایە ئامانج، دەستبەجێ ھێزەکانیان دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە، پشکنین و گەڕان لە ناوچەکە، بە تایبەت ئەو سنوورانەی کە لە بۆشایی ئەمنیدان.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای گەڕان و بەدواداچوونی ورد، لە رۆژی 25ی تەممووزی 2022 لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و سەرئەنجام لە 27ی تەممووزی 2022، ھێزێکی لیوای 16، دوای پشتبەستن بە زانیاریی ھەواڵگری و وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەرکانی ھێزەکانی 70، ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و کاتژمێر 17:30 توانرا بگەنە ئەو ئامانجەی کە شوێنی تەقاندنی مووشەکەکان بووە.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، چوارچێوەی مووشەکەکان لەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا جێگیرکرابوو، بەشێوەیەکی دەستکرد ئامادەکرابوو "بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆرمۆر بکرێتەوە ئامانج و توانرا پیلانەکە پوچەڵبکرێتەوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێل و مووشەکەکاندا بگیرێت."