د. ئامانج رەحیم: قەرزداریی حکومەت گەیشتووەتە 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار


رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی پرسیاری چەند پەرلەمانتارێکی لەبارەی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان دایەوە و رایگەیاند، "قەرزداریی حکومەت زیادی کردووە."
 
د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکاری بەسەر قەرزەکاندا هاتووە و "قەرزەکانی سەر حکومەت گەیشتوونەتە 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزی نەکردووە، بەڵام پارەی پێشەکی لە کۆمپانیاکانی نەوت وەرگرتووە، بەشێکی دیکەیشی بریتییە لە مووچە پاشەکەوتکراوی مووچەخۆران."

لە 3-10-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان خشتەی قەرزەکانی خستەڕوو، د. ئامانج رەحیم، رایگەیاند، "ئێستا ئەو خشتەیە نوێکراوەتەوە." ئەو بڕە قەرزەی د. ئامانج ئاماژەی پێکرد، تاوەکو 30-3-2021 هەژمارکراوە. 

بەشێکی زیادبوونەکە بە گوتەی د. ئامانج "دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار." بەشێکی قەرزەکانیش بریتییە لە "12 ملیار دۆلار کە پارەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆرانە."
 
د. ئامانج باسی لەوەشکرد، بەشێکی دیکەی قەرزەکان پەیوەندیدارە بە قەرزی بانکی TBI کە ئەویش نزیکەی چوار ملیار دۆلارە و بڕیارە بە خشتەیەک چارەسەر بکرێت. ئەو گوتیشی، "پابەندییە داراییەکانی حکومەت هەشت ملیار دۆلار و 703 ملیۆن دۆلارە، بەشێکیان پارەی بەرهەمهێنانی کارەبایە و دابینکردنی سووتەمەنییە، بەشێکیان پارەی بانکە ئەهلییەکانە، بەشێکیشی قەرزی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتە... ئەوەی پەیوەندی هەیە بە پارەی پێشەکی کە وەرگیراوە نزیکەی چوار ملیار و 300 ملیۆنە کە لە کڕیارانی نەوت وەرگیراوە."

ئەو ژمارانەش دراون بە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان کە سەر بە پەرلەمانی کوردستانە. د. ئامانج گوتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام خشتەی قەرزەکان دەدات بەو دیوانە. ئەوانیش سێ راپۆرتیان پێشکێشکردووە. 

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازیشی کرد لە کۆبوونەوەیەکدا پەرلەمان و دیوانی چاودێریی دارایی قسەی زیاتر لەبارەی ئەو پرسەوە بکەن. 

د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان نزیکەی هەشت مانگە نووسراویان ئاراستەی دیوانی چاودێریی دارایی کردووە و ئەوان گوتوویانە قۆناخی یەکەمی راپۆرتەکەیان تەواوکردووە.