ئەو پارەیەى لە بودجە بۆ شایستەى کۆمپانیاکانى نەوت دانراوە لە نیوەی کەمترە
رووداو دیجیتاڵ
لە خشتەى بودجەى ساڵی 2024 شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت خراوەتە سەر پشکى هەرێمى کوردستان و 2.7 تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە کە لە نیوەى شایستەى دارایی ئەو کۆمپانیایانە کەمترە.
پشکى هەرێمى کوردستان لە خشتەى بودجەى 2024ـدا زیاتر لە 4.4 تریلیۆن دینار زیادیکردووە. زۆرترین زیادکردن لە بودجەى وەبەرهێنانە کە لە 2.7 تریلیۆن دینارەوە بووەتە 4.8 تریلیۆن دینار.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەو زیادبوونە پەیوەندیدارە بەوەى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت خراوەتە سەر پشکى هەرێمى کوردستان."
بە گوێرەى خشتەکە، 2.7 ترلیۆن دینار وەک شایستەى کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت لە هەرێمى کوردستان تەرخانکراوە.
سۆران عومەر دەڵێت "خەرجکردنى ئەو 2.7 تریلیۆن دینارە پەیوەستە بە رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، ئەگەرنا ئەو بڕە پارەیەی بۆ پشکى هەرێمى کوردستان زیادکراوە، نانێردرێت."
بڕى پارەى تەرخانکراوی شایستەى دارایی کۆمپانیاکان بۆ ساڵێکە و مانگانە 225 ملیار دینار دەکات، لە کاتێکدا ئەگەر 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکرێت، شایستەکە مانگانە زیاتر لە 450 ملیار دینار دەبێت.
لە بودجەى ساڵی 2023 بڕى 1.45 تریلیۆن دینار لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان دیاریکرابوو، وەک تێچووى گواستنەوەى نەوت. تێچووى بەرهەمهێنانى لە سەر بودجەى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ بوو.
عەلى سەعدوون غولام، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "لە بودجەى ئەمساڵدا پارە بۆ خەرجىی دەرهێنانى نەوت تەرخانکراوە. ئەوەى پەیوەندیدارە بە کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان، ساڵى 2023 پارەیان بۆ خەرجنەکراوە و ئەمساڵیش ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە رادەستکردنى داهاتى نەوت."
بەغدا و هەولێر لەسەر شایستەی دارایی کۆمپانیاکانى نەوت رێکنەکەوتوون. حکومەتى فیدراڵى دەیەوێت بەگوێرەى پێوەرەکانى وەزارەتى نەوت پارەکەیان پێبدرێت کە کەمترە لە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان.