دەستەی وەبەرهێنان: قەبارەی وەبەرهێنانی نانەوتی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان 125 ملیۆن دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەبەرهێنانی گەورەیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و قەبارەی ئەو وەبەرهێنانە تەنیا لە کەرتی نانەوتییدا 125 ملیۆن دۆلارە. 

رۆژی هەینی، 28-4-2023، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە شاری میشیگنی ویلایەتی میشینگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە 20 ساڵەی دامەزراندنی ژووری ئەمریکیی بازرگانیی کلدانی و هەبوونی چەند کۆبوونەوەیەک چوونەتە ئەمریکا. 
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە قەبارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان چەندە، محەممەد شوکری گوتی، "لە هەرێمی کوردستان چەند پڕۆژەیەکی وەربەرهێنانی ئەمریکیمان هەیە؛ وەبەرهێنانی ئەمریکی لە بواری نەوت و گازدا وەبەرهێنانێکی گەورەیە؛ لە دەرەوەی نەوت و گازیش 125 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانمان لە هەرێمی کوردستان هەیە کە تایبەتە بە کۆمپانیا ئەمریکیییەکان؛ ئەوان لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، هۆتێل و پڕۆژەی دیکەدا بەشدارن".
 
محەممەد شوکری ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو مانگی داهاتوودا دوو شاندی گەورەی بازرگانیی ئەمریکی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن و ئامانجی ئەوانیش وەک دەستەی وەبەرهێنان ئەوەیە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بکەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستاندا بکەن. 
 
ئەندامانی شاندەکە لە محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک و روبینه‌ اوملیك، پەرلەمانتاری کوردستان پێکدێت و محەممەد شوکری گوتی، ئامانجێکی سەرەکییان بەشداریکردنە لە 20 ساڵەی دامەزراندنی ژووری ئەمریکیی بازرگانیی کلدانی و گوتی، ئەوان "مەبەستیانە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن؛ ژووری بازرگانیی ئەمریکی کلدانی سەرمایە و وەبەرهێنانی سەروو 10 ملیار دۆلاری ئەمریکی هەیە؛ ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان دەمانەوێت بەشێک لەو سەرمایەیان بێتە نێو هەرێمی کوردستان و لە رێگەی دروستکردنی کارگە و وەبەرهێنانی گەشتوگوزاری و هەر جۆرێکی دیکەوە بێت بەشداری بکەن و بەڵێنیشیاندا کە لە ماوەی داهاتوودا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن". 
 
محەممەد شوکری گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەکات و رایگەیاند، "هاتووین پێیان بڵێین کە دەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوەیە. لە هەر شارێک وەبەرهێنان بکەن کێشەمان نییە و هەموو کارئاسانییەکیش دەکەین".