ماتیو زەیس: بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بۆ کاروباری حکومەت و یاریدەدەری پێشوی وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنی سیاسی و بنەمای یاسایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە بە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیادا هەیە، بەڵام ئەم کارە پێویستی بە رێککەوتنی بازرگانیشە. دەشڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوت بە بۆرییەکەدا کاریگەری لەسەر هەموو عێراق هەبووە.
رۆژی هەینی، 28ی شوباتی 2025، ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ کاروباری حکومەت و یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا لە سێیەمین کۆڕبەندی هەولێر بەشداری لە پانێڵی "رێکخستنی خواستەکانی نەوت و گاز و داهاتووی گواستنەوەی وزە لە عێراق" کرد.
ماتیو زەیس رایگەیاند: "گوشاری سیاسی زۆر بۆ رێککەوتنی سیاسی سەبارەت بە کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا کراوە". دەشڵێت، "راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بووەتە هۆی لەدەستدانی داهاتێکی زۆر بۆ عێراق و عێراقییەکان و کاریگەری نەرێنیشی کردووەتە سەر کۆمپانیاکان و کەشی وەبەرهێنان."
ئەمڕۆ هەینی، 28-02-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چەند کاژێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنین، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان داوای رێککەوتنی نوێ دەکەن.
ماتیو زەیس پشتگیری لەو داواکارییەی کۆمپانیاکان دەکات و دەڵێت: "ناڕوونییەک هەیە سەبارەت بە رێککەوتنە سیاسیەکان و جیاوازی نێوان بنەما یاساییەکان و ئەو رێککەوتنە سیاسیانە کە بەس نەبوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە، بەڵکو پێویستە رێککەوتنی بازرگانیش بکرێت، ئەو رێککەوتنە بازرگانیانەش هێشتا نەکراون."
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن رەخنەی لە داوایەکی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق گرت کە دژی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیاکان تۆماریکردبوو و گوتی، "پێموایە ئەمە ئەو دابەشبوونە سیاسییە پیشاندەدات کە لە بەغدا هەیە بۆ کردنەوەی بۆڕیی نەوتی عێراق-تورکیا و رێککەوتنی بازرگانی هەیە."