شاخەوان عەبدوڵڵا: کارەکانی لیژنەی نووسینی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە باشی بەڕێوەدەچن


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە لیژنەی هاوبەشی هەولێر و بەغدا بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز گەیشتبێتە بنبەست و دەڵێت: "کارەکانی ئەو لیژنەیە بەباشی بەڕێوەدەچن و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولا هەیە." 
 
رۆژی سێشەممە 28-02-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەغدا راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە وردی باسم لە بابەتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد و ناوی ئەو فەرماندە سەربازییانەشم برد کە رۆڵی خراپیان لە کەرکووک هەیە و دەچنە سەر جووتیارەکانمان." 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندی پێوەکردم و داوای ئەم وردەکارییانەی کرد کە لەسەر جووتیارەکان لە کەرکووک هەمانە و ئێستا خۆی هاتووەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی چیدیکە سوپا دەستوەردان لەم کاروبارە نەکات." 
 
لەبارەی دواخستنی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "لەسەر ئەم بابەتە ناکۆکی قووڵ لەنێوان لایەنە شیعەکاندا هەیە و ئەگەر هەمواری ئەم یاسایە بەم شێوەیەی ئامادەکراوە تێپەڕێنرێت، سەقامگیری سیاسی لە عێراق تێکدەچێت." 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر سیستمی فرەبازنەیی هیچ گرفتێکمان نەبووە و ئێستاش ئەگەر هەڵبژاردن لە عێراق بە یەک بازنەیی بەڕێوەبچێت هیچ کێشەیەکمان لەگەڵی نییە، لەبەر ئەوەی متمانەمان بە دەنگدەر و جەماوەری خۆمان هەیە، بەڵام بۆ دیاریکردنی هەر سیستمێکی هەڵبژاردن دەبێت کۆدەنگی هەبێت و نابێت بۆچوونی لایەنێک بسەپێندرێت." 
 
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، د. شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەیدا: "لە بودجەی 2023 پشکی هەرێمی کوردستان بە 14٪ جێگیرکراوە، بەڵام تەنیا پرسەکە ئەمە نییە، بەڵکو شایستە داراییەکانی پێشمەرگەش هەیە. هەموو جارێک لە بودجەدا شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق جێگیردەکرێت، بەڵام بەدەستی وەزارەتی پێشمەرگە ناگات، بۆیە دەبێ ئەم بابەتە روونبکرێتەوە." 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە لیژنەکانی پەیوەست بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز گەیشتبنە بنبەست و دەڵێت: "لیژنەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە و هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان نوێنەرانی هەولێر و بەغدا هەیە و بە پشتبەستن بە دەستوور بەیەکەوە پڕۆژەیاساکە ئامادە دەکەن." 
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا دووپاتیدەکاتەوە: "جگە لە بابەتی هەناردەکردنی نەوت و بیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت بەشداربێت لە بەڕێوەبردنی نەوتی عێراق، لەبەرئەوەی ناکرێت تەنیا قسە لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت و دامەزراوەی نیشتمانیی نەوت کوردێکی تێدانەبێت؛ بۆیە بابەتەکە پەیوەستە بە ئیدارەدانی مەلەفی نەوتی هەموو عێراق و یاساکە هەموو ئەو بابەتانە لەخۆدەگرێت."